گەنجان بەردەوامن لە خاوێنکردنەوەی شاخی گۆیژە

هەفتەی خاوێنکردنەوەی گۆیژە، کە پرۆژەیەکی خۆبەخشییە، بەردەوامە و ڕۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر شاخی گۆیژە پاکدەکەنەوە.


بە مەبەستی پێشخستنی کلتوری ژینگەپارێزیی، ئەمڕۆ لە شاخی گۆیژە لە شاری سلێمانی، هەڵمەتی هەفتەی خاوێنکردنەوەی شاخی گۆیژە لە ڕۆژی پێنجەمدا بەردەوام بوو.

بەرهەم ئەنوەر، کە مامۆستایە و خاوەنی بیرۆکەکەیە و یەکێکە ڕێکخەرانی ئەو پڕۆژەیە، دەڵێت: پلانمان هەیە بە کارکردن لەسەر پاکردنەوەی هاوینە هەوارەکانی دەوروبەری شاری سلێمانی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ چەند ڕێکخراو و گروپی دیکەدا، بە ڕاگەیاندنی کەمپین و کۆکردنەوەی خەڵک بۆ خاوێنکردنەوەی ئەو جێگایانە.

بەرهەم باسی لەوەشکرد، کە ئەو خاشاکانەی لە شاخی گۆیژە فڕێدراون زیاتر شوشەی خواردنەوە گازی و کحولیەکانە، کە زۆربەی زۆری شوشەکان شکێندراون و کۆکردنەوەیان قورسە و دەبەی ئاو و قاپی پلاستیکە، کە لەلایەن سەیرانکەرانەوە فڕێدراون.

وتیشی: پێویستە ژینگەپارێزیی بکرێت بە ئەخلاقێکی پیشەیی و کارێکی ڕۆژانەی خۆمان، کە ئێمە بەرپرسیارین لە خاوێن ڕاگرتنی ژینگە، پێویستە ئەو شوێنانەی کە سەیرانی تیدا دەکەین بە خاوێنی جێی بهێڵین.

جێگای ئاماژەیە جیاواز لە هاوڵاتیانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووسێکی سویسریش بەشداری ئەو هەڵمەتە بوو.

ئەو گروپە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبن لە خاوێنکردنەوەی شاخی گۆێژە و ڕۆژانە گروپ گروپ خەڵک لەو هەڵمەتەدا بەشدار دەبن، بەڵام داواکارییان ئەوەیە خەڵک زیاتر بەشداری بکەن.


ک.ک