گەنجێک دارستانە لەناوچووەکانی گەرمیان دەژێنێتەوە

لە خەمی ژینگەی ناوچەکەی و پەیداکردنی خۆراک دایە بۆ باڵندە و گیاندارە کێویییەکان، گەنجێک بە چاندنی نەمامی بەردار، هەوڵی ژیاندنەوەی ئەو دارستانە لەناوچووەکانی گەرمیان دەدات.


بەهۆی سووتاندن و بڕینەوە و کاری کارگەکانی چەو و لم لەسەر کەناری ڕووباری سیراوان، ژمارەیەکی زۆر لە داری دارستانەکانی گەرمیان لە کەناری ڕووبارەکە لەناوچوون، گەنجێکیش دەیەوێت قەرەبووی ئەو بەشە سەوزاییە لەناوچووە بکاتەوە و پرۆژەی "دووبارە سەوزکردنەوەی دارستانە لەناوچووەکانی گەرمیان"ی دەستپێکردووە.

نیعمەت ئەحمەد 'نیعمەت مەلۆ'، خاوەنی پرۆژەکەیە، مامۆستا و فۆتۆگرافەرە، ژینگەپارێزییش بە یەکێک لە ئەرکەکانی خۆی دەزانێت.

نیعمەت، دوومانگە پرۆژەکەی ڕاگەیاندووە و دەستی بە چاندنی نەمامی بەردار کردووە، بەمەش لەلایەک سەوزیی بە ناوچەکە دەبەخشێت و لەلایەکی دیکەشەوە لەڕیگای بەری داراکانەوە خۆراکی باڵندە و گیاندارە کێوییەکان دەستەبەر دەکات.

قەدەغەی هاتووچۆ و کەرەنتینەکردن، کارەکانی ئەو گەنجەی لەو ماوەیەدا ڕاگرت، لەو چەند ڕۆژە کەمەشی کە توانیوێتی کار بکات، بە هاوکاریی چەند هاوڕێیەکی و ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی گەرمیان، توانیویەتی ٦٠ نەمامی جۆری گۆیژ و توو بچێنێت.

نیعمەت ئەحمەد، لەدوای چاندنی نەمامەکان بەگوێرەی پێویست سەردانیان دەکات بۆ ئاودان و چاودێرییکردنیان، ڕۆژانەش لەلایەن خەڵکی گوندەکانی ئەو سنوورانەوە سەرپەرشتیی دەکرێن.

ئەو گەنجە لە پلانیدایە سەرجەم ئەو شوێنانەی گەرمیان سەوز بکاتەوە، کە دارستان بوون دارەکانیان لەناوچوون، داواش لە هەر کەس و ڕێکخراوێک دەکات، هاوکاری بن لە بە ئەنجامگەیاندنی پرۆژەکەی.

ش.ف