ئەگەرچی لە هەرێمی کوردستان یاسەیەک هەیە تیایدا فرەژنیی زۆر سنووردار کراوە، بەڵام ئەو یاسایە نەیتوانیوە دیاردەکە کاڵ بکاتەوە و پیاوان بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە ڕوو لە دادگاکانی عێراق دەکەن، بێ ئەوەی هیچ لێپرسینەوەیەک هەبێت، چونکە بە سەرپێچیی هەژمار ناکرێت.
بابەتی فرەژنی باسی بەردەوامی ناو کۆمەڵگەیە، هەمیشەش لەنێوان لایەنگران و ئەوکەسانەی دژی ئەم بابەتەن ڕووبەڕووبونەوەی توند ڕوودەدات، فرەژنی و هێنانی لە ژنێک زیاتر یەکێکە لەو باسانەی بەردەوام کێشەی لەسەرە لە نێوان پیاوان و ژناندا، پاساوی سەرەکی پیاوانیش بۆ فرەژنی ئەوەیە لە ئیسلام و شەرعدا ڕێگەیان پێداراوە زیاتر لەژنێکیان هەبێت.
بەڵام لەدواین ڕوونکردنەوەی دكتۆر ئەحمەد ئەلتەیب، شێخی ئەزهەردا لە بارەی هێنانی ژنی دووەمەوە ڕایگەیاندووە “یەك ژن بۆ پیاو بەسە، ئەوانەی دەڵێن ئەسڵ لە ئیسلام فرەژنییە، هەڵەن، زۆربەی جارەكان بابەتەكە زوڵمكردن لە ژن و منداڵ لەخۆ دەگرێت”
د. ئەحمەد ئەلتەیب ڕوونیکردووەتەوە “فرەژنیی یەكێكە لەو بابەتانەی كە لە تێگەیشتنێكی ڕاستی قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەرەوە شێوێندراوە، موسوڵمان ئازاد نییە لەوەی ژن بەسەر ژنی یەكەمیدا بهێنێت، ئەو مۆڵەتەی هەیە، بەڵام مەرجدار كراوە بە کۆمەڵێک مەرج و كۆت، مۆڵەتەكە پێویستی بە هۆكارێك هەیە، ئەگەر هۆكارەكە نەما، مۆڵەتەكەش نامێنێت.”
پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ڕێژە زۆرەی فرەژنی چۆن و لەکام دادگا ئەنجامدەدرێت، بۆچی هەموارەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هیچی ناتوانێت ڕێگریی لێبکات؟.
یاسای باری کەسی و مەرجەکانی بۆ فرەژنی
لە بابەتی گرێبەستی هاوسەرگیریی و داواکانی پەسەندکردنی هاوسەرگیریی دەرەکیی، دادگای سەر بە ئەنجومەنی دادوەریی هەرێم کار بە یاسای باری کەسێتی عێراق دەکات، کە بەیاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هەموارکراوەتەوە، بەڕادەیەکی زۆر هێنانی ژنی دووەمی قەدەغە کردوە و بواری هێشتوەتەوە بۆ هێنانی ژنی دووەم بە مەرج و ئەگەری زۆر قورسەوە، کە بە دەگمەن نەبێت لە هیچ پیاو و ژنێکدا بەدی ناکرێت.
بەپێی هەموارەکەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، هیچ پیاوێک بۆی نییە زیاتر لە ژنێک بهێنێت مەگەر ئەوەی، کە ژنی یەکەم نەخۆش یان نەزۆک بێت، پیاو توانای دارایی هەبێت، بەڵێنی دادپەروەریی بدات لە نێوانیان و لە سەرووی هەموشیەوە دەبێت هاوسەری یەکەمی ڕازیی بێت، بۆیە ئەگەر ئەو هۆکارەکانی دیکەش هەبێت و هاوسەری یەکەم ڕازیی نەبێت ئەوا هێشتا پیاو ناتوانێت ژنی دووەم بهێنێت.
بەڵام ئەگەر هاتوو پیاوێک لە دەرەوەی دادگا ژنی دووەم و زیاتری هێنا و گرێبەستی دەرەکیی کرد، هێشتا ناتوانێت لە دادگاکانی هەرێم داوای پەسەندکردنی ئەو گرێبەستە دەرەکییە بکات، چونکە بەپێی یاسا مارەکردنی دەرەوەی دادگا تاوانە و لە کاتی ڕەوانەکرنی ئەو ژن و پیاوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە، سزاکەی بەپێی هەمان هەموار لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی ٧ کە دیارییکراوە بە غرامەیەک لە یەک ملیۆن کەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن زیاتر نەبێت، لەگەڵ زیندانییکردن، کە ماوەکەی لە سێ ساڵ کەمتر نەبێت و لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ڕێژە زۆرەی فرەژنی چۆن دەکرێت و لە کام دادگا ئەنجام دەدرێت و بۆچی هەموارەکەی کوردستان هیچی ناتوانێت ڕێگری لێبکات؟
بەهۆی کەم و کورتیی و ناڕوونییەکانی هەمواری یاسای باری كەسی لەهەرێمی کوردستان، نەتواندراوە ڕێگریی لە دیاردەی فرەژنی بکرێت و تا دێت دیاردەی فرەژنی ڕوو لە زیاد بوونە، پیاوانی هەرێمی کوردستان بۆ هێنانی ژنی دووەم و زیاتریش پەنا دەبەنە بەر دادگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، چونکە بەپێی دەستوور هاوڵاتی هەرێم بە هاوڵاتی عێراقی دادەنرێت، كەواتە یاسای باری كەسیی عێراقی بە سەر هاوڵاتی هەرێمیش جێبەجێ دەكرێت.
لەیاسای باری کەسێتیی عێراقدا ماددەی سێ بڕگەی تەنها ڕەزامەندبوونی دادوەر و دوو مەرج هەیە بۆ هێنانی ژنی دووەم داندراوە، کە ئەوانیش:
١-توانای دارایی بەڕادەیەک بێت بتوانێت زیاتر لە ژنێک بەڕێوەببات.
٢-بەرژەوەندییەکی ڕەوا هەبێت.
تەنانەت لە بڕگەی پێنجی مادەی ٤٠ یاسای باری کەسێتی عێراقدا مافی تۆمارکردنی سکاڵاکردن بەهۆی هێنانی ژنی دووەم لە ژنی یەکەم قەدەغەکراوە، ئەگەر لەدەرەوەی دادگاش هاوسەرگیریی دووەم ئەنجامدرابێت.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ ڕێژەی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی دووەم زیادی کردووە: هۆکار و پاساوەكانیش تەنها نەزۆكیی یان بوونی نەخۆشی درێژخایەنی هاوسەری یەكەمە، جگە لەوەی باشتربونی دۆخی ئابوری هۆكارێكی دیكە بوە بۆ ئەو جۆرە داواكارییە.”
ڕۆژی ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٢، ئەنجومەنی دادوەریی باڵای عێراق ڕایگەیاند لەماوەی سێ مانگدا لەدادگاکانی عێراق هەزار و ٨٩٦ گرێبەستی هاوسەرگیری دووەم تۆمارکراوە، زۆرترین داوای هاوسەرگیریكردنی دووەم لەپارێزگای نەینەوا بووە، كە ٣٣٩ مامەڵە هەبووە و لەدوای ئەویش بەسرە دێت كە ٢٢٢ مامەڵەكراوە و دواتریش پارێزگای سەلاحەدین دێت كە ١٩٦ مامەڵە كراون.
ئەمە بۆمان ڕوون دەکاتەوە، کە یاسای رێگریی لە فرەژنیی لە هەرێمی کوردستان، نەیتوانیوە ئەو دیاردەیە کاڵ بکاتەوە، ئەویش بەهۆی ئەو دەرەچە یاسایی و دەستووریەی، کە هەیە.
ش.ئ