ئا: مەنسور جیهانی
بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی “پشیلە ڕەش” ڕایگەیاند، لە هەوڵدان لەگەڵ ستافی بەرهەمهێنەری فیلمەکە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و پەیامێکی تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان نارد.
بەهرام ڕادان، ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران و بەرهەمهێنەری فیلمی سینەمایی (پشیلە ڕەش) بە بۆنەی نمایشی ئەو فیلمە لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک، پەیامێکی تایبەتی ڤیدیۆیی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
بەهرام ڕادان، لە پەیامەکەیدا دەڵێت: سڵاو لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، فیلمی “پشیلە ڕەش” بە ژێرنووسی کوردی لەم هەفتەیەوە لە سینەماکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک نمایش دەکرێت.
ئەو دەشڵێت: ئێمەش لە هەوڵداین تاکو بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هەندێک لە ستاف و ئەکتەرانی فیلمەکە، سەردانی کوردستان بکەین و ببینە میوانی ئێوە، هیوادارم کە ئەم کارە ڕووبدات و لە نزیکەوە ئێوە ببینین. هیوادارم کە فیلمەکە ببینن و چێژیی لێوەربگرن و پێتان خۆش بێت.
فیلمەکە ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕۆژی ٣٠ی ئەم مانگەوە لە سینەما “سالم” لە شاری سلێمانی دەستی بە پەخشکردووە، دواتریش لە ئێمپایێری فامیلی مۆڵ لە شاری هەولێر و لە سینەمای دهۆک مۆڵ، لە شاری دهۆک پەخشدەکرێت.
لە فیلمی “پشیلە ڕەش” لە دەرهێنانی کەریم ئەمینی، لە بەرهەمهێنانی بەهرام ڕادان ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ئێران، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران بەشداریان تیادا کردووە.
ئەم فیلمە تا ئێستا لە چەندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیهاندا بەشداریی کردووە، لەوانە “وەرشەو” لە وڵاتی پۆڵەندا، “سوفیا” لە وڵاتی “بوڵگاریا”، فێستیڤاڵی هونەریی پێشکەوتووی “چۆنگ کینگ” لە وڵاتی چین، “داکا” لە وڵاتی “بەنگڵادش” و هەروەها لە فێستیڤاڵەکانی “پڕێنس ئێدواڕد” و “ڤەنکۆڤێر” لە وڵاتی کەنەدا.
ها-غ