بەهۆی ئەو چەند شەپولە باران بارینەی ماوەى ڕابردوو بەشێک لەخانووی هاوڵاتیان و شوێنەوارە مێژوییەکانی کفری مەترسی ڕووخانیان زیاتر بووە و هاوڵاتیەک دەڵێت، ترسم هەیە خانووەکەم بڕوخێت بەسەر خۆم و منداڵەکانمدا، بەرپرسی شوێنەواری کفریش ئاماژە بەوە دەکات، ناتوانین شوێنەوارە مێژوییەکان بپارێزین.
لەدێر زەمانەوە لەشارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەک شوێنەواری مێژووی وەک قەیسەری کفری و ماڵی مەجید پاشای بابان و ماڵی جووەکان و چەندین و چەندان شوێنەوار و خانوو هەن و مێژوویەکی کۆنیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی کۆنی و خراپبوونیانەوە خەریکە لەناو دەچن.
بەشێک لەو میوانانەی دێنە گەرمیان و سەردانی کفری دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر بچیتە کفری و شوێنەوارە مێژووی و کەلەپورییەکان نەبینیت وەک ئەوەیە وایە نەڕۆیشتبێتی، بەداخەوە ئێستا، کە دەچێته ئەو شوێنانە لەجیاتی ئەوەی دڵخۆش بیت، بێتاقەت و دڵتەنگ دەبیت کاتێک دەبینیت شوێنەوارەکانی ئەو شارە بەرەو وێران بوون دەروات.
عەبود محەمەد، هاوڵاتیەکی ئاوارەی دانیشتووی شارۆچکەی کفریە و لەنێو یەکێک لەخانووە مێژووییەکانی نزیک بازاری قەیسەری نیشتەجێیە، بۆ ڕۆژنیوز وتی، ماوەى ۱٤ ساڵە لەنێو یەکێک لەخانووە کەلەپورییەکانی شارۆچکەی کفری دەژیم و خانووەکانمان ڕووخاوە بەهۆی باران بارین و بومەلەرزەوە، ژیانمان زۆر ناخۆشە و لەمەترسیدا دەژین و بەشێکى خانووەکەمان بەهۆی کۆنیەوە ماوەی ساڵێکە ڕووخاوە و ناتوانین تێیدا دابنشین و مەترسی زۆری دروست کردووە.

هاوڵاتیەکی دیکەی دانیشتووی ئەو خانووانە، بەناوی حسین عەبدوڵا، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی، ئەم شوێنە کۆنانە، کە ئێمە تێدا دەژین زۆر کۆنە و مەترسی لەسەر منداڵەکانمان دروست کردووە، تەنانەت شەقامەکەش توانای هەڵگرتنی نەماوە ئەترسین ڕۆژێک بڕوخێت بە سەر منداڵەکانماندا.

وتیشی، لەکاتی باران باریندا ئاو دێتە خوارەوە بۆ ناوخانووەکانمان و بۆنی بۆ ماوەیەک دەمێنیت، بەناچاری ئیزوگاممان لێداوە، بەڵام هەر بێ سوودە، بۆیە داوا لە بەرپرسان دەکەین ئاوڕ لەم خانووانە بدەنەوە.
محەمەد شەریف، هاوڵاتیەکی دانیشتووی شارۆچکەی کفرییە و بۆ ڕۆژنیوز وتی، کفری بەهۆی ئەم خانوو و ماڵە کۆن و کەلەپورییانەوە ناسراوە، بەداخەوە خەریکە ئەو خانووانە لەناو دەچن، چونکە ئاوڕییان لێنادرێتەوە و خزمەت ناکرێن بۆیە مەترسی ڕووخان لەسەریان دروست بووە بەتایبەت دوای ئەو شەپولە باران بارینانەی ئەمساڵ.

وتیشی، لەچەند شەوی ڕابردوودا، ژمارەیەک خانوو بەشێکیان کەوتە خوارەوە و کەڵکی ئەوەی تێدا نەماوە ژیانی تێدا بکەی و ئەوانەشی تیدا دەژین مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بووە، بۆیە ئەرکی حکومەتی هەرێمە لەوە زیاتر کەم تەرخەمی نەکات لە پشتگۆێێ خستنی کاری نۆژەنکردنەوەی ئەو خانوو و ماڵانەی لەشارۆچکەکە هەن.
لەبەرامبەردا عوبێد محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەواری کفری، لەسەر مەترسی ڕووخانی خانوو و شوێنەوارەکان، بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: لەشاری کفری چەندین شوێنەوارمان هەیە و زۆرینەی داڕووخاوە، ناتوانین کاری نۆژەنکردنەوەی و پاراستنی بۆبکەین، ئەگەر قەیسەری کفری وەربگرین بەنموونە، بەهۆی باران بارینەوە لە ٨٥٪ ى داڕوخاوە، ئەوەشی ماوە خەریکە بەرەو ڕوخان دەچێت، ماڵی مەجید پاشای بابانیش بەهەمان شێوە خەریکە دادەڕوخێت.

وتیشی، زیاتر لە پەنجا شوێنەواری مێژووی و ژمارەیەکی زۆری خانوووی کەلەپوری هەبوون، بەڵام بەهۆی کۆنیەوە بەشێکیان ڕووخاون و ئەو بەشەی ماوە مەترسی ڕووخانی زۆری لەسەرە و باران بارین کاریگەری زۆری لەسەر کردووە، ئەگەر بێت و فریای نەکەوین هەموویان لەناودەچن.
باسی لەوەشکرد، خانووەکان بەهۆی مێژووی کۆنیان مەترسیان زۆر لەسەرە، بەداخەوە حکومەت کاری پاراستنیان بۆ ناکات و نوسراومان بۆسەرووی خۆمان کردووە بۆ ئەو خانووانەی ماون و بەشێکیان ڕووخان تا بکرێتە موڵکی حکومەت و کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ بکرێت و لەمەترسی لەناو چوون ڕزگاریان بێت.
هـ.ح