نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس لەسەر مەزارەکەی لەناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی کرایەوە و تێیدا چەندین بەرهەمی هونەریی نمایش و پێشکەشکران.
ئێوارەی ئەمڕۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەری سلێمانی مەراسیمێکیان بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس لەسەر مەزارەکەی لەناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی ڕێکخست.
مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان چەند پارچە شیعرێکی شاعیری کۆچکردوو خوێندرایەوە، هەر لە مەراسیمەکەدا پێشانگایەکی کاریکاتێریی تایبەت بە شێرکۆ بێکەس کرایەوە.
دکتۆر موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: پێمانخۆشبوو لێرە یادی بکەینەوە، وەکوو ئەوەی خۆی پێخۆشبوو، هەر گەلێک ڕێزی مرۆڤە گەورەکانی خۆی نەگرێت، نابێتە گەلێکی زیندوو، شاعیرێکی گەورەی وەکو شێرکۆ بێکەس هەمیشە لە شیعرەکانیدا کاری لەسەر ژیاندۆستیی کردووە، نابێت لەیادی بکەین.
هەر لە مەراسیمەکەدا ئازاد بەرزنجی، بەڕێوەبەری دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: هەتا کورد و ڕۆشنبیریی کورد و ئەدەبی کوردیی بمێنێت، شێرکۆش بە زیندوویی دەمێتەوە، شێرکۆ و هەڵبەستەکانی دوانەیەکی دانەبڕاوی کوردبوون، شێرکۆ لە چاوی شیعرەوە سەیری سیاسەتی کردووە، نەک لە چاوی سیاسەتەوە سەیری شیعری کردبێت.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا گروپی میوزیکی شەم چەندین ئاواز و گۆرانییان پێشکەش کرد و مەراسیمەکە بە گۆرانیی و بەرهەمی هونەریی کۆتاییهات.
شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری بەناوبانگی کورد فایەق بێکەس، ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانی لەدایکبووە، یەکێکبووە لە شاعیرە نوێخواز و هاوچەرخەکانی کوردستان و لەماوەی تەمەنیدا زیاتر لە ٣٠ کتێبی شیعریی چاپ و بڵاوکردووەتەوە.
پاش نیو سەدە لە خەبات و خزمەتکردنی ئەدەب و هونەر و شیعری کوردیی، ئێوارەی ٤ی ئابی ساڵی ٢٠١٣ شاعیری مەزنی کورد شێرکۆ بێکەس لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا و لە نەخۆشخانەی کارۆلینسا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی سییەوە بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا، لەسەر وەسێتی خۆشی، لە تەنیشت مۆنۆمێنتی شەهیدانی ساڵی ١٩٦٣ی سلێمانی لەناو پارکی ئازادیی سلێمانی ئەسپەردەی خاک کرا.
ب.ل