لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی نۆڤەمبەر، کە ڕۆژێكی جیهانیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، بەو بۆنەیەوە ‘کژار پێشانگایەکی تایبەتى بە ژنانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کردەوە.
بەیانی ئەمڕۆ لەبیناى ئەمنە سوورەکە لە سلیمانى بە بۆنەی نزیکبوونەوە لە ٢٥ی نۆڤەمبەر، کە بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان دانراوە، لە لایەن کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، پێشانگایەکی تایبەت بە ژنان کرایەوە.
لە پێشانگاکەدا دەیان تابلۆ هەڵواسرابوو، کە هێما بوون بۆ ئازاری ژنان لە کۆمەڵگای پیاوسالاریدا، هاوکات بەشێک لە وێنەی ژنانی شەهید ڕۆژڵات و باشوری کوردستان-یش نمایشکرابوون.
دیارترین ئەو وێنانەی لە پێشانگاکەدا بوون وێنەی ژینا ئەمینی و چەندین ژینی دیکە بوو، کە بە دەست هێزە ئەمنیەکانی ڕژێمی ئێران شەهید کرابوون.
سەرپەرشتیارانى چالاکیەکە دەڵێن، ئامانج لەم پێشانگایە ئەوەیە ٢٠ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێک وەکوو ڕۆژی جیهانی ژینا ئەمینی بناسێنن، لە هەمان کاتدا شۆڕشی ژنان لە تەواوی دنیا بپارێزن.
ئ.م