مەراسیمی چلەی فوئاد یاسین ناسراو بە فوئادە ڕەش لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، کەسوکارەکەیشی داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکەن بەدواداچوون بکەن لەسەر گومانەکانی گیان لەدەستدانی.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆڵی تەلاری هونەری شاری سلێمانی، بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسوکار و هاوڕێکانی، چلەی فوئاد یاسین ناسراو بە فوئادە ڕەش لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لەخوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان چل مۆم لەلایەن ئامادەبووانەوە داگیرسێندران و تاجەگوڵینەش لەبەردەم وێنەی فوئاد یاسین دانرا.
سەباح یاسین، برای کۆچکردوو لە مەراسیمەکەدا وتاری بنەماڵەکەی خوێندەوە و تێیدا داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کرد، بەدواداچوون بکەن لەسەر گومانەکانی گیان لەدەستدانی فوئاد یاسین و ڕووداوەکە بۆ ڕایگشتیی ڕوونبکەنەوە.
هەر لە مەراسیمەکەدا دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیان و تێکۆشانی ئەو کەسایەتیەی شاری سلێمانی نمایشکرا و چەند مەقام و بەرهەمێکی هونەریش پێشکەشکران.
فوئاد یاسین ناسراو بە فوئادە ڕەش، پێشمەرگەی دێرین و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیی بوو، ڕۆژی ٣ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەی لە ناوچەی شارباژێر کۆچی دواییکرد.
ها-غ