کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە پیرۆزبایی جەژنی زمانی کوردیی ئاراستەی گەلی کورد دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پاراستن و پێشخستنی هاوبەشی کۆمەڵگە، بە پاراستن و پێشخستنی زمانی دایک دەبێت، داواش دەکات؛ گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک قسەکردن و نووسین بە کوردیی وەک چالاکیی خاوەندارییکردن لە زمانی دایک ببینین.
ئەمڕۆ کۆمیتەی پەروەردەی کەجەکە بەبۆنەی جەژنی زمانی کوردییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: جەژنی زمانی کوردیی لە گەلەکەمان پیرۆز دەکەین، کە هاوکاتە لەگەڵ ٩٠مین ساڵیادی دامەزراندنی گۆڤاری هاوار، لە کەسایەتیی جەلالەدین عەلی بەدرخان و هاوڕێیانیدا یادی هەموو ئەو کەسانە دەکەینەوە، کە بە ڕەنج و باجی گرانبەها زمانی کوردییان بەرەوپێش بردووە و پاراستوویانە و سڵاویان ئاراستە دەکەین.
ئەوەش هاتووە: زمان تەنها میکانیزمی گواستنەوە نییە، بەڵکو گرنگترین میکانیزمە بۆ ژیانێکی خاوەن ناسنامە و کەلتووری گەلان و گەیاندنیان بە ئایندەیەکی ڕووناک، هەر زمانێک هەڵگری مێژوو، کەلتوور، ئەدەبیات، هونەر و فەلسەفەی ژیانی کۆمەڵگەکەیەتی، لەو ڕوانگەیەوە؛ گەلەکەمان سەدان ساڵە هەموو جۆرە باجێکی قورسی داوە دژی هێرشی لەناوبردنی زمان و کەلتوور و جەستە، بەڵام دەستبەرداری پاراستن و خاوەنداریکردن لە کەلتوور و زمانەکەی نەبووە.
کۆمیتەی پەروەردەی کەجەکە ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەوان ئازادییان بۆ هەموو زمان و دەنگ و ڕەنگەکان دەوێت و دەڵێتڵ دەبێت ئەوەمان لەبیرنەچێت کە ئێمە هەم لەبواری دیموکراسیی و لە ساتە پڕ بەرهەمەکانی مێژووداین، هەمیشە ڕەنگینترین نموونەی مێژووین، لەم سۆنگەیەوە هاتنە لای یەکی ناسنامە، زمان، ئاین و گەل دەبێتە بەواتاتریین جەژن بۆ گەلان، بۆیە شۆڕشی ڕۆژئاوا لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو جەژنە بەواتایەیە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: ڕێبەرایەتییمان دەڵێت؛ ئاستی پێشکەوتنی زمان، ئاستی پێشکەوتنی ژیانە، هەر کۆمەڵگەیەک چەندێک زمانی دایکی بەرەوپێش ببات، ئاستی ژیانی خۆیشی ئەوەندە بەرەوپێش بردووە، پاراستن و پێشخستنی هاوبەشی کۆمەڵگە، بە پاراستن و پێشخستنی زمانی دایک دەبێت.
کەجەکە لە کۆتایی پەیامەکەشدا داوای خاوەندارییکردن لە زمانی کوردیی دەکات و دەڵێت: پێویستە لە کاروباری ڕۆژانەوە تا پرۆسەی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی، لەڕێگەی بەکارهێنانی زمانی دایکەوە پەیوەندییەکانمان پێشبخەین و ژیانی نەتەوەی دیموکرات بکەینە یەکەمین بژاردەی پێکەوەبوونی هەموو زمانەکان، بۆیە زۆر گرنگە گەلەکەمان لە هەموو شوێنێک قسەکردن و نووسین بە کوردیی وەک چالاکیی خاوەندارییکردن لە زمانی دایک ببینین.
ب.ل