میوزیکژەنێک ڕۆژانە لەنێو باخی شاری هەولێر بە چەندین شێوە و جۆری جیاواز، میوزیکی کلاسیکیی جیهانیی دەژەنێت، ئەو لەگەڵ ئەوەی ئاوازێكی تایبەت بەگوێی گوێگرانیدا دەدات، بژێویی ڕۆژانەی خۆیشی لەو ڕێگەیەوە پەیدا دەكات.
ماوەی چەند ساڵێکە میوزیک ژەنین لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەوەش سیمایکی جوانی بە شەقام و شارەکان بەخشیوە، لە نێو باخی شاری هەولێر پیاوێک ڕۆژانە چەندین جۆری جیاواز سۆلۆی کوردیی و کلاسیکی جیهانی بە کەمانەکەی دەژەنێت.
سەلیم چۆڵنەگی، ڕۆژانە لە نێو باخی شاری هەولێر میوزیک دەژنێت، لە ئێستادا تەمەنی ٥٢ ساڵە ، ماوەی ٣٥ ساڵە شارەزاریی هەیە لە ژەنینی ئامێری کەمان، سەلیم سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٨ لە مۆڵەکانەوە دەستیکردووە بە ژەنینی ئامێری کەمان، بەڵام دواتر ڕووی لە درەوەی وڵات کردووە.

دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٧ لە ئەڵمانیە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان ئەم بیرۆکەیەی لا دروست بووە و دەڵێت: لە نێوباخی شاری هەولێر ئەو هونەرە نمایش دەکەم، ئەمە بووەتە پیشەی ڕۆژانەی من، جگەلەوەش داهاتی ڕۆژانەم لە ڕێگای ژەنینی کەمانەوە دەست دەکەوێت.
ژەنینی ئامێری کەمان لای سەلیم چۆڵنەگی، بەشێوەیەک تێکەڵ بە ژیان و ڕۆحی بووە، کە ڕۆژانە بەبێ ژەنینی ئامێری کەمان ناتوانێت ڕۆژەکەی تێپەرێنێت، لای ئەوە ژەنینی کەمان واتا تێگەیشتن و نوێگەرییە لە ڕۆژدا، بۆیە ئەمەش بووە بە حەز و خولیایەک لە لای، ئەوەش وایکردووە ڕۆژانە میوزیک لەسەر شەقام نمایش بکات.
ئەو میوزیکژەنە بە پێویستی دەزانێت، کە هەموو مرۆڤێک ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە، دەبێت بۆ ماوەی دوو کاتژمێر گوێ لە میوزیک بگرێت، بۆیە ڕۆژانە لە ڕێگای کەمانەکەی دەستیەوە میوزیک بەر گوێی خەڵک دەدات و وەک خۆی دەڵێت؛ ژیان لای ئەو وەک مۆسیقایە، کەمانەکەی بووەتە بەشێکی گرنگ لە ژیاندا.
س.س