ھونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە، لە نوێترین بەرهەمی گۆرانیدا “زەنگ” بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لێدەدات و لە ڕێگەی بەرهەمەکەیەوە ڕەخنە لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرێت و ئاماژە بە خراپی گوزەرانی خەڵکی هەرێم دەکات و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانیان دەکات.
بەرهەمەکە کەمێک پێشئێستا لەڕێگەی تۆڕی ئینترنێت و یوتوبەوە بڵاوکرایەوە، گۆرانییەکە لە هۆنراوەی محەمەد پاکژ، ئاواز و میوزیکی ئاوات ئەفروزی، دەرهێنانی بیلال سەنگەسەری و کامێرا و ڕووناکی ئاکام سدیق و لەلایەن ڕۆژ پڕۆدەکشنەوە بەرهەم هێنراوە.
لەبەرهەمەکەدا پەرەگرافێک بەدەنگی نوسەر و هونەرمەند دڵشاد مستەفا لەناو گۆرانییەکدا هەیە و خۆی دەیخوێنێتەوە، وەک تەواوکارییەک بۆ مانای گۆرانییەکە.
دەربارەی بەرهەمەکەی هونەرمەندی گۆرانیبێژ، ئەمەل سەعید کوردە ئاماژەی بەوەکرد، بەرهەمەکەی تایبەتە بەدۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێیوایە دەبێت بەرپرسان هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن بەرامبەر بە خەڵک، بەتایبەت کاتێک دێتە سەر مافی خەڵک و مووچە و بژێویی.
دەشڵێت “دەنگی من دەنگی خەڵکی وڵاتەکەمە و تایبەت نیم بە هیچ حیزبێک، بەم کارەم ویستم پشتیوانی خۆم بۆ دەنگی خەڵکی ماف خوراو بکەم”.
ئەو هونەرمەندە گۆرانیبێژە، جەخت لەوە دەکاتەوە گۆرانییەکەی پەیامێکە دەدرێت بە گوێی بەرپرسان و گەورەکاندا کە ئیتر بەسە و بەخۆیاندا بچنەوە، زەنگێکە بۆ بەرپرسەکان کە کۆتایی بەو دۆخە بهێنن و خەمی هاووڵاتیانی خۆیان بخۆن.
هونەرمەند ئەمەل سەعید کوردە پێیوایە، ئەم بەرهەمە یەکێکە لەوکارانەی کە دەچێتە ناوخەڵک و دەمێنێتەوە.
بەشێک لە کلیپی گۆرانییەکە سود لە ئەرشیفی ئاژانسی ڕۆژنیوز و ڤیدیۆی خۆپیشاندانەکانی ماوەی ڕابردووی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە کە خەڵک بۆ داواکردنی مووچە و باشکردنی ژیانیان لە شار و شارۆچکەکان ئەنجامیانداوە.
ک.س