هەینی, 12 يون 2020 – 07:11 ڕۆژنیوز ـ تەرزە تەها
https://youtu.be/JW6bnj_KKkk”>
ئەمە حاڵی بەشێک لە گۆرانیبێژ و هونەرمەندانی نوێی باشوری کوردستانە کە لە بەرامبەر ڕیکلامی بازرگانیدا بەرهەمەکانیان دەکەنە قوربانی پارەیەکی چەور، هەندێکیشیان تەنها بەوەوە ناوەستن، بەڵکو کەڵک لە بەرهەمی ڕەسەن و فۆلکلۆر و هونەرمەندانی دێرینیش وەردەگرن و دەیانکەن بە پارچەی کاڵا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەرهەمە فۆلکلۆرییەکان موڵکی گشتین و نابێت بکرێنە خزمەتی تاکە کەسەوە.
لە ئێستادا ڕۆژانە دەیان گۆرانیبێژی کورد لە شاشەکانی تیڤییەکانەوە دەبینرێن، کە ڕیکلام بۆ بەرهەمەکانی برنج و چا و زۆر کەرەستە و خواردەمەنی دیکە دەکەن، کە بەشێک لەو گۆرانیبێژانە جگە لە بەرهەمەکانی خۆیان بەرهەمە فۆلکلۆریی و ڕەسەنەکانی گۆرانیبێژانی گەورەی کوردی وەک حەسەن زیرەک و عومەر ڕەزا و چەند هونەرمەندێکی دیکە کە ئێستا لە ژیاندا نەماون کردووەتە بەرهەمە بازرگانییەکانیان.
بەشێک لەو هونەرمەندانەش پاساویان بۆ ئەو جۆرەکارانە ئەوەیە کە حکومەتی هەرێم وەک پێویست ئاوڕ لە هونەرمەندان ناداتەوە، بۆیە ناچارن بۆ بژێویان پشت بە سەرچاوەی دارایی دیکە ببەستن، بەشێکی دیکەی ئەو گۆرانیبێژانەش کارەکە بە ئاسایی دەزانن.
نزیک بە دوو دەیەیە زۆربەی گۆرانی و میلۆدییە کوردییەکان لە باشوری کوردستان بەتاڵ بووەنەتەوە لە گەیاندنی پەیامی خۆی، پەیامێک کە دەکرێ مێژوو لە بیری کردبێت، ئەدیبەکان وەک خۆی نەیانگەیاندبێت، مێژووی کورد پڕیەتی لە داستانی دڵداری، ئازایەتی و سەرکەوتن.
گۆرانی ئەوکاتە دەبێتە بەرهەمێکی هونەری کە هەڵگری پەیامێکی خۆشەویستی یان کارەسات و نوشستی گەلێک بێت، نەوەیەک بتوانێت لەگەڵیدا بژی و یادگارییەکانی وەک مۆر لەناویدا هەڵکەندرابێت، ئەمەش هیچ کات نابێتە کاڵاو ماددی ناکرێتەوە، چونکە هەستێکە و تێکەڵ بە ڕۆح و فەرهەنگی ئەو گەل و نەتەوەیە بووە.
ماوەی چەند ساڵێکە ئەو هونەرمەند و گۆرانیبێژە میللییانەی کە بوونەتە ناوێکی دیار لەناو هونەری نوێی کوردیدا، بەشێکیان بە باش و بە خراپ بەرهەمەکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی بەکارهێناوە و تێکەڵ بە ڕێکلام و کاڵای بازرگانی کردووە.
ڕەوا جەمال، کە خاوەنی چەند بەرهەمێکی گۆرانییە و تاڕادەیەکی باش لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لە بەرهەمەکانی کراوە، هەر بۆیە ئەو ئێستا یەکێک لە هونەرمەندە دیارەکانە لە هەرێمی کوردستان، لە بارەی تێکەڵکردنی ئەو بەرهەمە هونەریانە لەگەڵ ڕیکلامی بازرگانیدا پێیوایە ئەوە تاوانی هونەرییە و بێ نرخکردنی بەرهەمە هونەریەکە و ڕەچاونەکردنی دەنگی گوێگرەکانە.
ڕەوا جەمال، دەڵێت: ئەگەر هونەرمەند بە تەنگ هونەر و فەرهەنگ و کولتوری نەتەوەکەیەوە بێت، بەرهەمە هونەریەکەی ناخاتە خزمەتی کاڵایەکی بازرگانی، دەشڵێت: ریکلامکردن بۆ کاڵایەک لەلایەن هونەرمەدێکەوە شتێکی ئاساییە و لە جیهاندا دەکرێت، بەڵام پێویست ناکات بە هەمان ئاوازی بەرهەمەکەی خۆی بێت و یەکێک ئەگەر بە تەنگ هونەر و فەرهەنگ و کلتوری خۆیەوە بێت کارێکی بەو جۆرە ناکات، با ئاوازێکی تایبەت بەو کاڵایە بەرهەم بهیندرێت.
لە بەرامبەردا میدیا حسێن کە ناوێکی دیارە لەناو هونەری گۆرانی میللی سلێمانی، هاوشێوەی زۆربەی گۆرانیبێژ و هونەرمەندەکانی دیکە، ئاوازێکی گۆرانی خۆی بۆ ڕیکلامی بازرگانی بەکارهێناوە، بەڵام ناوبراو ئەوە بە کارێکی ئاسایی دەزانێ و پێیوایە هونەرمەندیش مافی ئەوەی هەیە بەرهەمەکەی بخاتە خزمەت کاڵاو رێکلامی بازرگانیەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا میدیا حسێن لەگەڵ ئەوەدا نییە کە هونەرمەندەکان هەڵدەستن بە دزین و بەکارهێنانی ئاوازی هونەرمەندە کۆنەکان و ئەوە لالەی ئەو بە تاوان دەناسرێت، ئەو بەرکاهێنانی بەرهەمی هونەرمەندە کۆچکردووەکانیش بە باش نازانێت و جەخت لەوەدەکاتەوە کە دەبێت خاوەن بەرهەمەکە یان نەوەکانی ئاگاداربن.
لە ماوەی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەو وەزارەت بەناوی ڕۆشنبیرییەوە هەیە کە بەرپرسە لە ڕێگرتن لە پشێوی هونەری و دانانی سانسۆر لەسەر ئەو کەس و لایەنانەی کە بەناوی هونەرەوە هونەری کوردی لەکەدار دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەوڵانەو ڕێگرتن لە تێکدانی ئاواز و میلۆدی ڕەسەنی کوردی و تێکەڵکردنیان بە ئاوازی بیانی.
نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو لێپێچینەوەی لەو هونەرمەندانەش نەکردووە کە بەرهەمی فۆلکلۆر و هونەرمەندانی دیکەیان بۆ خزمەتی بازرگانی بەکارهێناوە.
ک.س