حەوتەمین خولی دیداری فیلمی کوردیی “یۆتۆبۆری” بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی کورد، بەشێوەی ئۆنلاین لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت.
حەوتەمین خولی دیداری فیلمی کوردیی “یۆتۆبۆری” Goteborg بە بەڕێوەبەرایەتی “دڵشاد ئەحمەد” سەرۆکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری و بە نمایشی بەرهەمی سینەماکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باشوری کوردستان و سینەماکارانی کورد لە ئەوروپا لە ڕۆژانی ٢٧ و ٢٨و ٢٩ی ئەم مانگەلە ڕێگای لاپەڕەی فەیسبووکی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی یۆتۆبۆری بە ناونیشانی https://www.facebook.com/kurdiskafilmtraffen بە شێوەی ئۆنلاین لە شاری یۆتۆبۆری لە وڵاتی سوید بەڕێوەدەچێت، ئەویش بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.
لە یەکەمین ڕۆژیی ئەم دیدارەدا و لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ئەوروپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “خوێندن و بواریی فیلمسازیی لە هەرێمی کوردستان” بە ئامادەبوونی دکتۆر “دڵشاد مستەفا” مامۆستای زانکۆی سلێمانی و زانکۆی بەریتانیا و خاوەن بڕوانامەی دکتۆرا لە بواری فیلمسازییدا و بە بەشداریی “هاوڕێ مستەفا” دەرهێنەر و سینەماکار لە وڵاتی فینلاندا بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی “گاڕاژ” Garag لە دەرهێنانی “یاد دێن” Yad Denn بە ماوەی ١٠ خولەک، کورتە فیلمی “دوا وێنە” لە دەرهێنانی “مەریوان ئیبراهیم” بە ماوەی ١٦ خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “تارا” لە دەرهێنانی “فاتمە دەستمەرد” بە ماوەی ٦ خولەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کورتە فیلمی “هەرمان” لە دەرهێنانی “مەهدی جەودەت/ ئاسۆ” بە ماوەی ١٠ خولەک لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.
لە دووهەمین ڕۆژی حەوتەمین خولی دیداری فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی سبەینێ بە کاتی ئەوروپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “فێستیڤاڵ و ئیڤێنتەکان لە کوردستان” بە ئامادەبوونی “دانەر عومەر” بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پاشان کورتە فیلمی “ماڵی خاڵی” Empty Home لە دەرهێنانی “هەوراز محەمەد” بە ماوەی ١٩ خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “رۆزا” Roza لە دەرهێنانی “محەمەد فریا” بە ماوەی ١٦ خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “ژۆڕنالیست” لە دەرهێنانی “فاتمە ئەحمەد” و “مێهران مەجدۆ” بە ماوەی ١٩ خولەک لە هەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی “هاواری کەلەوانشین” The Screm of Slium لە دەرهێنانی “سروشت عەبەڕەش” بە ماوەی ١٩ خولەک لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.
لە سێیەمین و دوایین ڕۆژی حەوتەمین خولی دیداری فیلمی کوردی “یۆتۆبۆری” و لە کاتژمێر ٤ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمە بە کاتی ئەوروپا سمینارێکی پسپۆڕانەی سینەمایی بە ناونیشانی “پێگە، گرنگی و کاریگەریی بەڵگەفیلم” بە ئامادەبوونی “سالار سەعید” خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە بواریی فیلمدا و مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکانی سلێمانی و “عومەر محەمەد” بەکالۆریۆس لە بواری فیلم و ڕۆژنامەوانی و سەرنووسەری گۆڤاری ئەنفالستان بەڕێوەدەچێت و لە درێژەدا کورتە فیلمی “پێڵاوی گەرم” Warm sho لە دەرهێنانی “عەدنان عوسمان” بە ماوەی ٢٢ خولەک لە هەرێمی کوردستان، کورتە فیلمی “دەست لێدان” Touch لە دەرهێنانی “وەرمان سەعید” بە ماوەی ٢٢ خولەک لە هەرێمی کوردستان و کورتە فیلمی “پیاوێک لە ئاڵتوون” لە دەرهێنانی “مەریوان ئیبڕاهیم” لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەی ئۆنلاین نمایش دەکرێن.
ش.ف