دوایین بەرهەمی سینەماکاری کۆچکردووی کورد “ڕەحیم زەبیحی” کە لە بارەی ژیانی کۆڵبەرییەوەیە، لە ٣٣هەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەمستردام لە هۆڵەندا نمایشکرا، ئەو فیلمەی کە زەبیحی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ پێوەی خەریک بوو کە دواجار ژیانی خۆیشی لەسەر دانا.
نانی پیرۆز Holy Bread، دوایین کاری دۆکۆمێنتاری سینەماکاری کوردی ڕۆژهەڵات ‘ڕەحیم زەبیحی’یە کە ئێستا لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئەمستردام “ئیدفا” نمایش دەکرێت کە بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد موڤی”یە و لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا بە نوێنەرایەتی سینەمای ئێران، لە ٢٠ و ٢٤ی ئەم مانگەدا بە شێوەی ئۆنلاین نمایشکرا.
دوابەدوای نمایشی فیلمە بەڵگەنامەییەکە، ڕا و سەرنجی بەشداربووان بە ئامادەبوونی هەریەک لە “توورەج ئەسڵانی” بەرهەمهێنەری ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە و “ئیلاهە نەوبەخت” بەڕێوەچوو.
“توورەج ئەسڵانی” بەرهەمهێنەری فیلمی دیکۆمێنتی “نانی پیرۆز” سەبارەت بەم بەرهەمە کوردییە وتی: ئەم فیلمە ژیان و چەرمەسەرییەکانی کاریی کۆڵبەڕە کوردەکان لە ڕۆژهەڵات دەخاتەڕوو، کە قۆناغی کار لەم کاتەدا بۆ ئەوان بوونی نییە و بە ناچاریی بۆ بژێویی ژیانی خۆیان، ئیشی سەخت و مەترسیداری کۆڵبەرییان هەڵبژاردووە.
تورەج باسی لەوەشکرد، کۆڵبەڕەکان کەسانێکن لە شوێنی ژیانی خۆیاندا و لە سنووریی ئێران و هەرێمی کوردستان بە ناچار و بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کارەوە، ناچارن کۆڵبەریی بکەن و بارەکانی سەر کۆڵیان لە ڕێگا دوور و درێژ و ئاستەنگەکان و هەروەها شاخ و کێوەکانی کوردستانی ئێرانەوە بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان هەڵدەگرن.
سەبارەت بە ماوەی بەرهەمهینانی فیلمەکە ئەسڵانی وتی، “لە سازکردنی بەرهەمە دیکۆمێنتارییەکاندا، هەندێک بابەت هەیە کە دەرهێنەرەکان دەبێت لەگەڵیاندا بژین، ڕەحیم زەبیحی زیاتر لە ١٠ ساڵ لەگەڵ ئەم کۆڵبەرانەدا ژیا تا ئەم فلمە بە ئەنجام گەشت”.
ئەم دەرهێنەرە کوردە دووپاتشیکردەوە کە ئەم بەرهەمە هیچ دەستێوەردانێکی تێدا نییەو لایەنگریش تیایدا بوونی نییە، “نە ڕەش و نە سپی، ڕاستگۆیانە سەبارەت بە سنوور و هەروەها کاریی دژوار و تاقەت پڕوکێنی کۆڵبەری لەگەڵ بینەرەکەی خۆی دەدوێت”.
ئەسڵانی لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕوانینی سیاسی لە بواری سینەمادا باسی لەوە کرد، ئەم فیلمە تا ڕادەی پێویست قسەی خۆی دەکات، بە مەرجێک کە بینەرەکەی بە شێوەی دروست پەیامەکەی خۆی لێ وەربگرێت، هەروەها دەڵێت، هێماکان لە نانی پیرۆز-دا بوونیان هەیە.
سەبارەت بە پێگە و کاریگەریی فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “ئیدفا” ئەسڵانی باسی لەوە کرد، ئێستا کە زەبیحی لە ژیاندا نەماوە، بەڵام دەیزانی کە “ئیدفا” تا چ ڕادەیەک ڕووداوێکی گرنگ و پڕ بایەخە، نەک بۆ وەرگرتنی خەڵات و بەدەستهێنانی ناونیشان و شانازیی، بەڵکو بەرهەمە دیکۆمێنتارییەکان لەوێدا زۆر بە باشی دەبینرێن و تەنانەت بۆ بابەتی لەم کارەی زەبیحی، فریادڕەسی نەتەوە زوڵملێکرا و ڕەنجەڕۆکانە، چونکە ئەم جۆرە نەتەوانە هەمیشە بەڕاستگۆیی و وزەوە کار دەکەن، بەڵام لە شوێنی ژیانی خۆیاندا هیچ دەرفەتکێکی کارکردنیان نییە کە لەوێدا سەرقاڵی کارکردن بن و بە ناچاری بۆ دەخستنی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان، ئاوارەی کێوەکان بن و هەندێک جاریش گیانی خۆیان لەسەر کاری سەخت و بێڕەحمی کۆڵبەریی بەخت دەکەن.
ئەسڵانی لە کۆتایی قسەکانیدا هیوای خواست ساڵی داهاتوو لە فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی “ئیدفا” فیلمێک لە سنوورەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستاندا ببینن کە تیایدا هیچ کەسێک کۆڵبەریی ناکات و ژیانێکی ئاسایی هەیە و لە شارە کوردییەکانی سەر سنوور کارگە دروست بکرێت و کۆڵبەرەکانیش تیایدا سەرقاڵی کارکردن بن.
فێستیڤاڵی نێوەدەوڵەتی فیلمی ئەمستردام ـ ئیدفا، گرینگترین فێستیڤاڵی دێکۆمێنتاریی جیهانەو ئەمساڵ بە ئۆنلاین و بە شێوەی ڕاستەوخۆ نمایش دەکرێن، لە ١٦ی ئەم مانگەوە کراوەتەوە و تاوەکو ٦ی مانگی داهاتووی ئەمساڵ لە ئەمسردام بەردەوام دەبێت.
ڕۆژی ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، سینەماکاری کوردی ڕۆژهەڵات، ڕەحیم زەبیحی و کەیوان زەبیحی وێنەگری برای لە ڕووداوێکی تەمومژاویدا لەسەر ڕێگای نێزەڕۆی نزیک بانەی ڕۆژهەڵات دوای بێهۆشکردن و تیرۆرکردنیان، لەناو ئۆتۆمبێلەکەیاندا ئاگریان تێبەردرا و سوتێنران، هەرئەوکات دەسەڵاتدارانی ئێران بڵاویانکردەوە کە بکەرانی تاوانەکانیان دەستگیر کردووە و هۆکاری ڕووداوەکەشی بۆ “کێشەی خێزانی” گەڕاندەوە.
ڕەحیم زەبیحی خاوەنی ١٠ کورتە فیلم و دێکیومنتاری و شەش درامای کورتی تەلەڤزیۆنی و پێنج فیلمی نیمچە درێژ و درێژی سینەماییەو لە ٥٠ فێستیڤاڵی نێوخویی و نێودەوڵەتییشدا بەشداری کردووە، دوایین کاریشی “نانی پیرۆز” بوو کە ماوەی ١٠ ساڵ بە بەردەوامی پێوەی سەرقاڵ بوو، هەمان ئەو ڕۆژەش کە تیرۆر کرا، بۆ کاری وێنەگرتنی فیلمەکە بەرەو سنوورەکانی بانە بەڕێکەوتبوو.
ی. ک