ساڵیادی کۆچی دوایی کەریم کابانە، ئەو هونەرمەندە نیشتیمان پەروەرەی بەرهەمی نیشتیمانیی نەبوو، ئەو دڵداریی نەکرد و سەرجەم بەرهەمەکانیشی عاشقانە بوون، دەنگی کەریم کابان بۆ هەتاهەتایە لەنێو ڕۆحی کورددا دەمێنێتەوە.
کەریم کابان
ناوی تەواوی عەبدولکەریم جەلال مەحمود عەزیز کابانە، لە ساڵی ١٩٢٧ لەشاری سلێمانی لەدایکبووە.
ناسناوی کابان لە دەستڕەنگینیی دایەگەورەیانەوە بۆیان ماوەتەوە، دواى تەواوکردنى خوێندنى سەرەتایى بووە بە پۆلیس، ساڵی ١٩٤١ یەکەمین گۆرانیی وتووە.
ساڵی ١٩٤٥ دەبێتە بەڕێوەبەری بەشی کوردیی ڕادیۆی بەغدا، هەر لەو ساڵەدا یەکەم بەرهەمی خۆی بڵاوکردووەتەوە. کە لە هەشت گۆرانیی پێکهاتبوو.
لە سەرەتاى ساڵانی پەنجاکاندا، ژیانى هاوسەرگیریی پێکهێناوە، ٣ کوڕ و ٣ کچی هەبوو.
ئەو کوردپەروەرێکی پاک بوو، هەر بەوهۆیەشەوە دوو جار بۆ باشووری عێراق دوور دەخرێتەوە.
ساڵى ١٩٦٣ بۆ ماوەى شەش ساڵ بۆ شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق دوورخراوەتەوە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندیى بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە.
چەند بەرهەمێکى لە ڕادیۆى (دەنگى کوردستان) بڵاوکردووەتەوە، دواى ئاشبەتاڵی شۆڕش جارێکى دیکە بۆ شارەکانى ناوەڕاستى عێراق دوورخراوەتەوە.
گۆرانییەکانی کابان گەرچی ژمارەیان کەم بوو، بەڵام عاشقانەبوون و بە نەمریی ماونەتەوە، لەگەڵ ئاوازەکانیدا لێوەکان دەجوڵێن و گۆرانییەکانی کۆن نابن.
کەریم کابان، کاری ئاوازدانانیشی کردووە، بەڵام هەرگیز گۆرانیی نیشتیمانیی نەوتووە، لە ژیانیدا چەندین جار وتویەتی ئاوازی نیشتیمانیی ناڵێم “چونکە دەبێت کارێک بێت بەقەدەر نیشتیمان جوان بێت”.
کابان، بەرەبەیانی ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠١٦ لە تەمەنی ٨٩ ساڵییدا لە سلێمانى کۆچی دوایی کرد
ئەو بەرهەمانەی تا ئێستا کۆکراونەتەوە، ژمارەیان ٢٠ گۆرانیە و سەرجەم گۆرانییە فۆلکلۆرەکانی بە ئاواز و هۆنراوەوە لەبەربووە.
ها.غ