دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی هونەرمەندی دیاری كوردستان، سابیر كوردستانی گیانی لەدەستدا، نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی كەسوكار و هونەرمەندان و هاوڵاتیان لە گۆڕستانی ڕەحیماوای شاری كەركوك و لەسەر زیدی خۆی بەخاكسپێردا.
هەرچەندە بەهۆی دۆخی گشتی و هەبوونی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شارەكە نەتوانرا هیچ مەراسیمێكی تایبەتی بۆ ئەنجام بدرێت، بەڵام بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوڕێ’یانی، هونەرمەند سابیر محەمەد ناسراو بە سابیر كوردستانی بەخاکسپێردرا.
لە كاتی بە خاكسپاردنەکەدا ئەرسەلان محەمەد بەناوی خانەوادەکەیەوە وتارێكی پێشكەشكرد و وتی، بەداخەوە وێڕای هەوڵی پزیشکان گیانی لەدەستدا، “سابیر كوردستانی هەمیشە ڕۆحی شۆڕشگێڕیی لە ناخیدا بوو، سەردەمانێك ئەو لە كەركوك ناسناوی خۆی كرد بە كوردستانی كورد نەیدەتوانی لە شاری كەركوك بە كوردی قسە بكات، هەمیشە ئەو لە ناخیدا كوردایەتی دەكوڵا”.
هونەرمەند لە باشوری کوردستاندا خاوەنی دەیان گۆرانییە کە بەبێ جیاوازیی تەمەنەکان گوێگرێکی زۆری هەیە و دەیان ساڵە خزمەت بە هونەری ڕەسەنی کوردی دەکات.
هونەرمەندی کۆچکردوو ساڵی ١٩٥٥ لە شاری كەركوك لە دایكبووە و باوکی سێ کچ و کوڕێکە.
سابیر كوردستانی لە ساڵی ١٩٧١ یەكەمین گۆرانی لە تەلەفیزیۆنی كەركوك تۆمار کردووە و لەوکاتەوە بە بەردەوام بەرهەمی هەبووە و بەیەکێکی هاوشێوەی هونەرمەندانی گەورەی کورد حوسێن عەلی و عەلی مەردان و سەلاح داودە دادەنرێت و کە هەموویان بەشێکن لە هونەر و مێژووی کورد بەگشتی و کەرکوک و گەرمیان بەتایبەت.
س.ح