بە بەشداریی نووسەر، گفتوگۆیەک لەبارەی ناوەڕۆکی کتێبی ‘ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو’کرا، نووسەر باسی لەوە کرد، کە ئێستا نیشتیمان هی هەمووان نییە و خێرەکەی بۆ کۆمەڵێکی دیارییکراوە.
گفتوگۆکە، ئەمڕۆ لە هۆڵی دەزگای چاودێر بۆ ڕۆشنگەریی لە شاری سلێمانی، بەڕێوەچوو، کە تیایدا ‘هەڤاڵ کوێستانی’ نووسەری کتێبەکە ئامادەبوو.
‘ئەو ڕۆژانەی نیشتیمان هی هەمووان بوو’، باس لە مێژووی کوردستان دەکات لە ساڵی ١٩٧٩ تا ساڵی ١٩٨٥، چاپی یەکەمی لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاوکراوەتەوە، ئەم ساڵیش بۆ جاری پێنجەم چاپ و بڵاوکرایەوە.
هەڤاڵ کوێستانی، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە دەیەوێت لەم ناونیشانەوە بڵێت، ئێستا نیشتیمان هی هەمووان نییە و بۆ هەمووان نییە، بەڵکو خێر و قازانجەکەی بۆ کۆمەڵێکی دیارییکراوە.
لە گفتوگۆکەدا، کە بەشێک لە نووسەران و شاعیران بەشداربوون، پرسیار و سەرنجەکانیان ئاڕاستەی نووسەر کرد و ئەویش وەڵامی دانەوە.
دوای گفتوگۆیەکی یەک کاتژمێریی، بە خوێندنەوەی چەند پارچە شعرێکی هەڤاڵ کوێستانی کۆتایی بە مەراسیمەکە پێهات.
ش.ف