لە سلێمانی مەراسیمی دابەشکردنی پەیکەری مەلای گەورەی کۆیە بەڕێوەچوو، هاوکات ئاهەنگێکی تایبەت و چەند چالاکییەکی هونەری کە بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ ئامادەکرابوون و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرابوون ئەمڕۆ پێشکەش و نمایش کران.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە هاوڵاتیان و هونەرمەندان و هونەردۆستان، لە سەکۆی ئازادی لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی لەلایەن کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کورد و تیپی میوزیکی باواجی کۆیە پەیکەری مەلای گەورەی کۆیە دابەشکرا، هەروەها ئاهەنگێک کە بڕیاربوو لە مانگی سێ و لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵدا سازبکرێت و بە هۆی کۆرۆناوە دواخرابوو بەڕێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە لەلایەن کۆمەڵەی کەلەپوری کورد و تیپی میوزیکی باواجی کۆیە ڕێکخرابوو، سەرەتای مەراسیمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد، دواتر هۆنراوەیەکی مەلای گەورەی کۆیە پێشکەشکرا، دواتر لەلایەن محەمەد مەردان وتاری لیژنەی ئامادەکاری یادکردنەوەی جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٠ و دابەشکردنی پەیکەری مەلای گەورەی کۆیە، وتارێک پێشکەش کرا.
لە وتارەکەدا ڕایگەیاند، کە ساڵانە کۆمەڵەی کەلەپور و فۆلکلۆری کورد ئاهەنگی جەژنی نەورۆز دەگێڕدرێت، هەموو ساڵێکیش یادی شاعیرێکی گەورە دەکرێتەوە، بڕیار بووە ئەم ئەهانگە لە ڕۆژی ٢٧/٣ بکرایە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دواخراوە، ئەمڕۆ ئەو ئاهەنگە کراوە.
لە مەراسیمەکەدا جگە لە ئاواز و گۆرانی و شانۆ، لە پێشانگایەکی فۆتۆگرافیشدا وێنەی ماڵەکەی مەلای گەورە خرایەڕوو، مەراسیمەکە بە بەشداری هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی، چەندین هونەرمەند و نوسەر و شاعیر بەڕێوەچوو، پاش دابەشکردنی ژمارەیەک پەیکەری مەلای گەورەی کۆیە، لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی وتارێک دەربارەی پێگە مەلای کۆیە پێشکەشکرا.
دواتر لەلایەن ڕاهبەر سەید ئیبراهیم، نوسەر و ڕووناکبیری شاری کۆیە وتارێکی پێشکەشکرد، باسی لە هەڵوێستی مەلای گەورە کرد دەربارەی نیشتیمان و ئازادی ژن، کە خۆی یەکەم کەس بووە کچەکەی خۆی ناردووەتە خوێندگا لە کۆیە، داواشیکرد کە پارکێک یان شەقامێک بکەن بە ناوی مەلای گەورە.
دواتریش شانۆگەریی “لە ئاوێنەی هزری مەلای گەورەدا” پێشکەشکرا، پاشان چەند گۆرانیەکی فلکلۆریی و گۆرانی نەورۆز لەلایەن هونەرمەندان، بورهان محەمەد، نەرمین ڕەزا، ئازاد مەحمود پێشکەشکرا، دواتریش جارێکی دیکە پەیکەری مەلای گەورە پێشکەشی چەند کەسایەتی و ڕووناکبیری شاری سلێمانی و کۆیە کرا.
مەلای گەورەی کۆیە، ناوی تەواوی مەلا محەمەد کوڕی حاجی عەوڵای جەلیلزادەیە، لە ساڵی ١٨٧٦ لە شاری کۆیە لەدایکبووە، شاعیرێکی ڕۆشنبیر و نیشتیمانپەروەری شاری کۆیە بووە، لە ساڵی ١٩٤٣ کۆچی دوایکردووە.
ک.س