وەستا كامیل خەنجەرچی، ماوەی ٤٠ ساڵە سەرقاڵی دروستكردنی چەقۆ و خەنجەرە و تا ئێستاش لەسەر پیشەی سێ پشتی خۆی بەردەوامە، ئەو لە پارچە ئاسنەکان ئامێری سوودبەخش و تایبەت بە هێزی بازووی دروستدەکات.
لە ناو بازاڕێكی میللی كە بە كۆنترین بازاڕی نەتەوەكانی شاری كەركوك ناسراوە و ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیانی نەتەوەكان شارەكەیە، دوكانێك هەیە نزیكە ١٠٠ ساڵە خەنجەر، چەقۆ و شمشێری تێدا دروست دەكرێت و خەڵکانێکی تایبەت دەبنە کڕیاری، ئەمە جگە لەوەی دوكانەكە مۆركێکی ڕەسانەیەتی و كلتوری بە بازاڕاكە بەخشیوە.
جووت قاوە، ئەو بازاڕەی کەرکوک کە تا ئێستاش زۆرینەی کاسبکارەکانی ناوی، كار لەسەر فرۆشتنی كەلوپەلی كۆنی نەتەوەكانی شارەکە دەكەن، هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوەت بۆ ناو بازاڕەكە، دەنگی كوتانی ئاسن و گرمە گرمی كورەی ئاگر و دروستکردنی کڵاشی کوردی بەرگوێت دەکەوێت.
لە ناو بازاڕی جووت قاوە، لە دوكانێك کە بە قایە و گەچ دروستكراوە، ڕەنگی مێژوویەكی كۆنی لەخۆیدا هەڵگرتووە، وەستا كامیل حاجی سابیر خەنجەرچی خاوەنی ئەم دوکانەیە كە نزیکەی ٤٠ ساڵە كاری چەقۆ تیژکردنەوە و خەنجەرچێتی دەكات و پیشەكەی لە باو و باپیریەوە بۆی ماوەتەوە.
وەستا كامیل خەنجەرچی، لە دوای کۆچی دوایی باوکی، شان دەداتە بەر ئەو کارە و نزیکەی ٤٠ ساڵە خەریكی چەقۆ دروستکردن و چەقۆ تیژکردنەوە و قەمەو خەنجەر دروستکردنە و لەناو دەنگی ئاگر و گەرمادا ئاسنەکان نەرم دەکاتەوە و دەیانکاتە ئامێری بەسوود و پێویستی ڕۆژانە.
دەستەکانی وەستا کامیل لەبەر سەختی کارەکەی و تیخی تیژكردنی چەقۆ قڵیشیان بردووە، خۆشەویستیەکی لە ڕادەبەدەری بۆ کارەکەی هەیە و ناتوانێت بەبێ ئاسن و کورەی ناو دوکانەکەی بژی.
هەرچەندە ئێستا وەک جاران ڕەواج لەسەر کارەکەی خەنجەرچی نییە، بەڵام ئەو هەر بەردەوامە و کڕیاری تایبەتی بۆ دێت لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە.
ک.س