مامۆستایەکی شێوەکار، لەماڵەكەی خۆیەوە سروشتی جوانی كوردستان، پیشانی میوانەکانی دەدات، ئەوەش لەڕێگەی نەخشاندنی حەوشە و دیواری ماڵەکەی بە تابلۆی سروشتیی و دروسکردنی چەند خانوویەکی بچوک لە سەر شێوەی گوندەکانی کوردستان، ئامانجی لەو کارەش ئاشتکردنەوەی خەڵکە لەگەڵ سروشت.
كاوە نوری، مامۆستای شێوەكارییە، لە خوێندنگای ئامادەیی هەڵەبجەی کچان، لە شاری هەڵەبجە، بەفڵچە و بۆیاخەكەی دەستی، ماوەی چەند ڕۆژێکە لەڕێگەی كارە هونەرییەكانییەوە، لەحەوشە و سەر دیواری ماڵەکەیدا دەستی كردووە بە کارێکی هونەریی و دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە خزمەتێك بە میوانەکانی و نەوەی نوێ بكات و ئاشناو ئاشتییان بكاتەوە بەسروشتی جوانی كوردستان.
كاوە، بەشێكی دیواری حەوشەی ماڵەكەی بەوێنەی سروشتی گوندەکانی كوردستان و دروستكردنی خانووی بچووکی گوندەكانی کوردستان نەخشاندووە و بۆیەی ئەكەرلیك-ی بە تەکنیکی تایبەتی خۆی لەكێشانی وێنەكانی سەر دیوارەکەدا بەکارهێناوە، هەروەها لەبەردەم دیوارەکەدا بە شیوازێکی هارمۆنی كۆمەڵێك خانووی بچووکی لەسەر شێوەی خانووی گوندەکانی کوردستان دروستکردووە لە گەچ و چیمەنتۆ و هەندێک كەرەستەی دیکە کە ئەوەش دیمەنێکی جوانی بە حەوشەی ماڵەکە داوە.
كاوە نوری، سەبارەت بە پرۆژەكەی بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئامانجی کارەکەم ئاشتکردنەوەی خەڵکە لەگەڵ سروشت، هەروەها دەمەوێت نەوەی نوێ لەم ڕێگایەوە ئاشنابن بەكلتوری كوردی لە ڕابردوودا کە بەو جۆرە بووە، چونکە ئەم گوندانە ڕابردووی باوباپیرانمانە.
وتیشی: پێویستە بەردەوام بایەخ و گەشە بدەین بەگوندەكان، سەوزایی زیاتری تێدا بچێنین، نەوەك بەوێرانەیی بەجێیان بهێڵین: ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئامانجێکی دیکەی لە كێشانی وێنەكان لەسەر دیواری ماڵەکەی بۆ ئەوەیە، بەردەوام سروشتی كوردستان و گوندەكان لەبەرچاویی خۆیی و ئەو میوانانە بێت کە دەچنە ماڵەکەی، باسی لەوەشکرد کە ئێستا گۆشەیەکی حەوشەکەی بۆ ئەو کارە هونەرییەی تەرخانکردووە، بەڵام بەردەوام دەبێت لە کارەکەیی و تەواوی دیوارەکانی دیکەی ماڵەکەی بە سروشتی کوردستان دەڕازێنێتەوە.
كاوە نوری ساڵح، لە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایكبووە، ساڵی ٢٠٠٤ كۆلێژی شێوەكاریی زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە، مامۆستای شێوەكارە لەخوێندنگای ئامادەیی هەڵەبجەی کچان، تائێستا بەشداری لە ١٠ پێشانگای هاوبەش كردوە، هەروەها ٣ پێشانگای تایبەتیشی بۆ كارە هونەرییەكانی كردوەتەوە.
ک.س