مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەکە لە شاری سلێمانی، زیاتر لە ١٠ هەزار کتێبی لەچوارچێوەی کەمپیەنێک لەناوەندە ڕۆشنبیر و زانکۆ و کەسایەتی و کتێبخانە تایبەتەکەی مام جەلال پێشکەش بەکتێبخانەی گشتی کۆبانێ کرد.
ئاکۆ غەریب، بەڕێوبەری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەکە ڕایگەیاند:”جگە لەوەی چەند جارێک لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەکەوە کەمپەینی کۆمەک ڕاگەیەندراوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، کە وێستگەی کۆکردنەوەی ڕاگەیاندنی ئەوکەمپینانە مۆزەخانەکەبووە، لە هەمانکاتدا بیرمان لەوەکردووەتەوە کە چۆن پشتگیری کلتوری ڕۆژئاوابکەین”.
ڕاشیگەیاندووە:”بۆ ئەومەبەستەش یەکێک لە پڕۆژەکانمان، بیرۆکەی دامەزراندنی کتێبخانەی گشتی بوو لە شاری کۆبانێ و مۆزەخانەکەمان بەشێوەیەکی ڕەسمی لە ڕاگەیەندراوێکدا، پڕۆژەی کۆکردنەوەی کتێب و سەرچاوەزانستییەکان بڵاوکردەوە و لەماوەی سێ ساڵ-دا توانیمان لە ڕێگەی ناوەندە ڕۆشنبیر و زانکۆ و کەسایەتی و کتێبخانە تایبەتەکەی سەرۆک مام جەلال، زیاتر لە ١٠ هەزار کتێبمان کۆکردەوە و پلانیشمان هەیە پشتگیرییە کلتورییەکانمان بۆ خەڵکی رۆژئاوای کوردستان بەردەوامبێت”.
بەپێی وتەی بەڕێوبەری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەکە، “وا بڕیارە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ناوەندە پەروەردەییەکان بەشی سۆرانی بکرێتەوە و بۆ ئەومەبەستە لە پڕۆژەی ئایندەماندا بڕیارە مەنهەجی (ئەلف و بێێ)ی کوردی بۆ قۆناغی سەرەتایی ئامادەبکەین، لەگەڵ بەشێک لە مەنهەجی خوێندنی زانکۆکانی هەرێم بەتایبەت مەنهەجەکانی کۆلێژی ئاداب بەشی زمانی کوردی و هەندێک کۆلێژی تر”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە کەمپیەنەکەدا ٤٤ لایەن و کەسایەتی بەشدارییان کردووە.
س.ح