دەرهێنەری فیلمی “بێ نیشتمان” ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان فیلمەکە نمایش دەکرێت و ناوەڕۆکی فیلمەکە باس لە ژیانی پەنابەرانی دوای شەڕی چەتەکانی داعش دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە سیتی سینەمای شارەکە، کە دەرهێنەری فیلمی “بێ نیشتمان” تورج ئاسڵانی و دوو لە ئەندامانی ستافی فیلم-ەکە ئامادە بوون و ڕایانگەیاند، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان فیلمەکە نمایش دەکرێت.
“بێ نیشتمان” ئەو فیلمەیە کە تورج ئەسڵانی دەرهێنەرێتی و ستافی فیلمەکە لە چوار پارچەی کوردستان پێکدێن، ئەکتەرانی بەشداربوو لە باشوری کوردستان، شوان عەتوف بەنگین ئەنی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هانی موجتەهیدیی و بەڕۆژ ئاکرەیی، لە باکووری کوردستان، شاهین یاڵچین، بەشدارن و لە ڕۆژئاوای کوردستانیش مەحمود بەڕازیی کاری موزیکی فیلمەکەی بەڕێوە بردووە، لەگەڵ ژماریەک ئەکتەر و ئەندامی تر.
هەروەها چیرۆکی فیلمەکە ئاماژە بە ژیان، شەڕ، پەنابەریی و لە دایکبوون دەکات کە چۆن لەدوای شەڕی چەتەکانی داعش کۆمەڵێک کەس ناچار دەبن وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن بۆ مانەوە بەدوای شوێنی ژیاندا دەگەڕێن، فیلمەکەش لە باشووری کوردستان کاری وێنە گرتنی بۆ کراوە.
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، کاتژمێر ١٩:٠٠ لە سیتی سینەما یەکەم نمایشی فیلمەکە بە ئامادەبوونی ئەکتەران و ستافی بەشداربووی فیلمەکە بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژانی دواتری نمایشی فیلمەکە:
دووەم ڕۆژی جەژن و ڕۆژانی دواتر لە دهۆک مۆڵ لە شاری دهۆک، ئیمپایەر سینەما لە فامیلی مۆڵی شاری هەولێر، لە تایم سەنتەری شاری کەرکوک نمایش دەکرێت و بڕیارە ببرێتە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان.
ئ . ج