شوێنەوارە دێرین و مێژووییەکانی كەركوك مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە، مێژووناسان دەڵێن هەر دەسەڵاتێک هاتووە مێژووی شارەکەی نەپاراستووە و هەمووی چاوی لە سامانەکەی بووە، داگیرکاریی عوسمانییەکان بەنمونە دەهێننەوە و دەڵێن چەندین شوێنیان لەناوبردووە، تائێستاش ئیدارەی پارێزگاکە هیچی نەکردووە بۆ نۆژەنکردنەوەیان.

كاری بیناسازیی و پڕسەلیقە لە هونەری نەخش و هەڵكوڵینی تابلۆكان لە كەركوك، بەشێوەیەك بووە لە ڕابروودا گەواهیدەری شارستانییەتێكی مەزنی چەند هەزار ساڵەی شارەكەیە، كە دەرخەری چەندین چیرۆك و حیكایەتی دێرین و شێوازی ژیانكردنی شارەكەی لە خۆگرتووە، بەڵام بەهۆی پشگوخستنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، نەك نەخش و تابلۆكان ئێستا بەرچاو ناكەون، بەڵكو ئاسەوارەكانی كەركوكیش داڕوخاون و بوون بە كەلاوە.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئامارێكی جێگیر نییە لەسەر ئەوەی كە چەند شوێنەواری مێژوویی لە كەركوك هەیە، بەڵام دیارترین و لە بەرچاوترین ئاسەواری شارەكە بریتییە لە قشڵە و قەڵای كەركوك، هەردوو ئاسەوارەكەش مێژووی دروستبوونیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی شارەكە، قشڵە و قەڵای شارەكە بەهۆی پشتگوێخستنیانەوە بەشێكی زۆریان داڕووخاوە.
محەمەد لەك، شارەزای مێژووی كەركوك لەسەر لەناوچوونی ئاسەوارەكانی كەركوك بۆ ڕۆژنیوز وتی:”كەرکوک شارێكی ئێجگار كۆنە لەسەر ئاستی جیهان بە یەكێك لە شارەكە دێرینەكان ناو هێنراوە، ناوكەشی بە واتای كاری كۆك یاخوود كاری بە كۆمەڵ هاتووە و دروستبووە، كە مێژووی ناوەكەی بۆ سەردەمی بەردین دەگەڕێێتەوە، چونكە چاوەكان هەمیشە لەسەر كانزاكان بووە و هیچ كات بیر لە پاراستنی ئاسەوارەكانی ئەم شارە نەكراوەتەوە، بە درێژایی مێژوو تاوەكو ئێستا كەركوكییەكی ڕەسەن حكومی ئەم شارەی نەكردەوە و تا دڵسۆز بێت بۆ شارەكە و چاوی پاراستنی ئەم شارەی هەبوبێت”.

ئەم مێژووناسە ڕەخنەی لەو پارێزگارە کوردانە گرت کە لە کاتە جیاوازەکاندا دەسەڵاتی شارەکەیان بەدەستەوەبووە، کە “شوێنەوارەکانیان نەپاراستووە”، وتیشی: ململانێی سیاسی و تائیبفی شارستانییەتی ئەم شارەی بەرەوە هەڵدێر بردووە، چ كات خەڵكی ئەم شارە بە ئارامی ژیاون تا ئەوەی بیر لە پاراستنی ئاسەوارەكانیان بكەنەوە!، بۆیە ئەم شارە بەهۆی چەقی شەڕەوە هەموو ڕەنگێكی لە دەستداوە، تا ئێستاش شوێنەواری گۆتیەكان، جولەكە و زەرەشتی لەم شارەدا ماون.
ستار جەباریی مێژوونووسێکی دیکەیە، دەڵێت بەگوێرەی دەسەڵاتەكان هەر دەسەڵاتێك كە حكومی ئەو شارەی كردبێت، یان ئەو شوێنەوارانەی لە ناوداوە، یاخود مێژووەكەی گۆڕیوە، “بۆ نموونە، چەندین تاق و گۆمبەزی مزگەوت هەبوون لە كەركوك لەلایەن عوسمانییەكانەوە كە حكومی شارەكەیان كردەوە لە ناوبراون، هیچ دەسەڵاتێكیش بیری لە پاراستنی ئاسەوارەكانی ئەم شارەكە نەكردووەتەوە، بۆیە بەشێكی زۆری ئاسەوارەكان لەناوچوون و كەمی ماوە، ئەوەشی كە ماوە ئەگەر فریای نەكەون بە تەواوی لەناودەچێت و ئەم شارە وەك شارێكی مۆدێرن و تازە درووستبووی لێدێت”.

جەباری ئاماژە بە مێژووی کەرکوک دەکات و دەڵێت:”دەوترێت ئە شارە مێژووەكەی پێنج هەزار ساڵە، بەڵام ئێستا ئێمە هیچ بەڵگەیەكیی ئاسەوارییمان نییە كە بیسەلمێنێت مێژوویی ئەم شارە ئەوەنە ساڵە”.
‘ڕائید عوگلە’ بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاسەواری كەركوك دەربارەی پاراستنی ئاسەوارەکان بە ڕۆژنیوزی وت، ئەوان چەندین شوێنی مێژوویی هەیە و چاودێری دەکەن بۆ ئەوەی لەناونەچێت، وتیشی: ئێمە لە كەركوك ژمارەیەكی زۆری ئاسەواری بەرچاومان هەیە، لە ڕێگای هەڵمەتی خێرخوازیی جیهانەوە توانیومانە بەشێكی ئەو ئاسەوارانە نۆژەنبكەینەوە، ئێمە چەندین خان و گەرما و شوێنی دیکەمان هەیە كە لەلایەن ئێمە پارێزگاری لێدەكەین و لە هەوڵداین بۆ نۆژەنكردنەوەی”.

عوگلە دەڵێت پارێزگا بەڵێنی داوە بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان تەرخان بکات، دەشڵێت: دەبێت ئەم كارە حكومەت بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان بكات، چونكە داعش هەمیشە كاری لەسەر لەناوبردنی شوێنە ئاسەوارییەكان كردووە، ئێمەش دوو شوێنی ئاسەوارمان هەیە لە حەویجە داعش بەشێکی ڕووخاندووە.
س.ح