بەشێک لە هاوڵاتیان بەنیگەرانیەوە باس لەوە دەکەن، کە زۆری پەخشکردنى دراماى تورکی لەکەناڵە کوردییەکان، کاریگەری کردووەتە سەر هونەری کوردی و بەشێک لەزنجیرە فیلمە کوردییەکان، هەمان چیرۆک و ڕووداوى دراما تورکییەکان پیشانى بینەردەدەن و هاوشێوەی زنجیرە فیلمە تورکییەکان بەرهەمدێن.
چەند ساڵێکە بەشێک لە کەناڵە ئاسمانیەکانى باشوری کوردستان، بەبەردەوامى زنجیرە فیلمى دۆبلاژکراوی تورکی پیشانى بینەری کورد دەدەن، ئەوەش کاردانەوەی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و لە ماوەی ڕابردوودا چەندین کەمپەین بۆ ڕاگرتنی ئەو زنجیرە فیلمانە ڕاگەیەندرا.
وێڕای بەردەوامی پەخشکردنی زنجیرە فیلمی تورکی، لە ئێستادا هەندێک زنجیرە فیلم لە باشوری کوردستان بەرهەمدێن کە بینەران پێیان وایە هاوشێوەی زنجیرە فیلمە تورکییەکانن، لەو بارەیەوە بەشێک لە هاوڵاتیانى شارۆچکەى کەلاری ناوەندی ئیدارەى گەرمیان، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
جیهاد حەسەن، لەسەر ئەو بابەتە وتی: ئێستا بەشێک لەزنجیرە فیلمە کوردییەکان لەگەڵ زنجیرە فیلمە تورکییەکان جیاوازییان نییە و هەمان سینارێو و ڕووداو دەگوازنەوە بۆ بینەر، ئەمەش بۆ خۆی داگیرکردنى هونەری کوردییە لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەری تورکەوە، پارە سەرفکردن بۆ ئەم زنجیرە فیلمانە تاوانە، ئەگەر ئەو پارەیە بۆ بەرهەمهێنانى درامایەک لەسەر تاوانى ئەنفال و هەڵەبجە و یەکێک لەسەرکردە شۆڕشگێرەکانى کورد خەرج بکرێت گەورەترین خزمەتە بەهونەری کوردی.
هەمزە ئەحمەد، یەکێکی دیکە لە هاوڵاتیانی گەرمیان، نیگەران بوو لە ناوەڕۆکی زنجیرە فیلمە کوردییەکان و وتی: جێگاى داخێکى گەورەیە ئێستا بهشێك له زنجیرە فیلمە کوردیەكانی باشور وهك توركییهكانی لێهاتووه، تەنها چیرۆکى خیانەت و جیابوونەوە و بەرهەڵستکاریی لەنێوان ئەندامانى خێزان پەخش دەکەن، ئەو جلانەى لە تورکیا بەکاردەهێنرێت، زنجیرە فیلمە کوردییەکان پیشانى بینەری دەدەن، گوایە خزمەت بەهونەری کوردی دەکەن.
نادر عەباس، یەکێکی دیکەبوو لەو هاوڵاتیانەی تێبینی لەسەر زنجیرە فیلمە کوردییەکان هەبوو، وتی: لە ئێستادا زنجیرە فیلمە کوردییەکان هیچ جیاوازییان نییە لەگەڵ زنجیرە فیلمە تورکیەکان و لەسەر هەمان ڕێچکەى ئەوان کاری زنجیرە فیلمە درێژە پێدەدەن، هەر جوڵە و کارێک لەو زنجیرە فیلمانەدا ئەنجام بدرێت دەبێت لە زنجیرە فیلمى کوردیدا دووبارە بێتەوە بێ گوێدانە داب و نەریتى کۆمەڵگا، داوا لهكهناڵهكان دهكهم بینهری كورد به فیلمی كوردی ئاشنا بكهنەوە.
د.ع