چالاکیی’کەشتی ئازادی’ بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دوێنێ بە ئەنجامدانی کۆنسێرتێکی هونەرمەندانی کورد و ئیتاڵی لە ناپۆلی کۆتایی هات، هونەرمەندانی کورد و ئیتاڵی گۆرانی’چاوبەلا’ بە زمانی ئیتاڵی و کوردیی بەیەکەوە بۆ ئازادی ڕێبەر ئۆجالانیان وتەوە.
چالاکیی ‘کەشتی ئازادی’ کە بەشداری زیاتر لە ٥٠ نوێنەرانی سیاسی، ئەکادیمسیەن، هونەرمەند و ڕۆژنامەوانی کورد و جیهانی بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان دەستیپێکردبوو، دوێنێ لە شاری ناپۆلی ئیتاڵیا بە بەڕێوەبردنی کۆنسێرتێک کۆتایی هات.
‘کەشتی ئازادی’ دوێنێ لە ناپۆلی بە ئامادەبوونی شارەوانییەکانی ئیتاڵیا، دۆستانی گەلی کورد بە شێوەیەکی جەماوەری فراوان پێشوازی لێکرا، پاشان بە ڕێپێوان و میتینگ داوای خۆیان بۆ ڕای گشتی جیهان ڕاگەیاند، هەروەها شاندی چالاکوانانی کورد و نێودەوڵەتی لە ناپۆلی چەند چاوپێکەوتنی دبلۆماسییان لەگەڵ بەرپرسانی ئیتاڵی ئەنجامدا.
لە کاتژمێرەکانی شەودا، بە ئامادەبوونی هونەرمەندی کوردی خۆراسانی یەڵدا عەباس، فارقین و هونەرمەندانی ئیتاڵی کۆنسێرتێکیان بۆ ئازادی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بەڕێوەبرد.
لە کۆنسێرتەکەدا هونەرمەند یەڵدا عەباس گۆرانی خۆراسانی و هونەرمەند فارقین گۆرانی کرمانجی و هونەرمەندانی ئیتاڵی بە زمانی خۆیان گۆرانیان وتەوە.
لە کۆتایی کۆنسێرتەکەدا هونەمەندانی کورد لەگەڵ هونەرمەندانی ئیتاڵی بە بەشداری چالاکوانانی کەشتی ئازادی کە لە نەتەوەی جیاجیا پێکدێن، بەیەکەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان گۆرانی ‘چاوبەلا’ی شۆڕشگێری کە لەلایەن شۆڕشگێرانی ئیتاڵییەوە بەرهەم هاتووە، وتەوە.
چالاکی ‘کەشتی ئازادی’ ڕۆژی ٩-١١ لە ئەسیناوە بەڕێکەوتبوو بۆ ئیتاڵیا، لە ٢٣یەمین ساڵڕۆژی چوونی ڕێبەر ئۆجالان بۆ ئیتاڵیا، گەیشتە کەناراوەکانی ناپۆلی و بە کۆتایی هاتنی ئەو چالاکیەش، دەنگدانەوەیەکی زۆری لەناو میدیا ئیتاڵییەکان و یۆنانییەکان هەبوو، هەندێک لەو میدیایانەش بە مانشێتی”کاروانی ئازادی کورد گەیشتە ئیتاڵیا” گرنگیان بەو چالاکییە دا.
ب.ب