هونەرمەندانی کورد و عەرەب باس لەوە دەکەن، کە هونەر دەتوانێت ڕۆڵێكی باش بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵگاو نێوان لایەنەکانیش ببینێت، هیواخوازیشن لایەنەکان وەک هونەر لە کێشەکان بڕوانن و بەگفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
هونەرمەندانی کورد و عەرەب بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن و باس لە ڕۆڵی هونەر دەکەن بۆ پێکەوەژیان و ئاشتیی نێوان نەتەوە و لایەنەکان.
ساڵح ناسر هونەرمەندێکی شێوەکارە و دانیشتوی شاری ‘بەعقوبە’ی ناوەندی پارێزگای دیالەیە، هونەر بە هەوێنی ئاشتەوایی دەزانێت و دەڵێت: هونەر نامەیەکی ئاشتەواییە بۆ پێکەوەژیانی نێوان نەتەوەکان و هەموو سنوورەکان دەربڕێت و بەربەستەکان تێکدەشکێنێت و خۆی دەگەیەنێتە هەموو کایەکانی کۆمەڵگا، هونەرمەندانی بەهونەرەکانیان هەمیشە هەوڵی ئاشتەوایی و کۆتاییهاتنیان بە شەڕ داوە و داوایانکردووە، کە هەموو کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

ئەم هونەرمەندە ئاماژە بەوە دەکات، کە عێراقییەکان بێجیاوازی خۆشەویستییان بۆ هونەر و ژیان هەبووە، هیواخوازیشە، کە “هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بۆ لێکنزیکبوونەوە چاو لە هونەر بکەن و ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن، بە هیواشم هونەرمەندان بەبیرۆکە و کاری جوان بتوانن جیاوازی نێوان پێکهاتە و لایەنەکان نەهێڵن و ئاشتەوایی یەکجاری بەرقەرار بکەن “.
جیهاد دەلۆیی ئەکتەری شانۆییش بە هەمان شێوە هونەری بە خوێندنگایەکی گەورەیە بۆ فێربوونی کۆمەڵگا بۆ پرسەکانی تایبەت بەئاشتەوایی و تەبایی ودوورکەوتنەوە لە پرسی شەڕانگێزیی پێناسەکرد، وتیشی هونەر ئامرازێکیشە بۆ کۆکردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان بۆ دروستبوونی ئاشتی، جا ئەو ئاشتیە لە نێوان نەتەوەکان بێت یان لایەنەکان.

دەلۆیی داوایکرد، داوا کرد، کە هونەرمەندان کار بۆ کۆتایی هاتنی شەڕ و ناکۆکییەکان بکەن و سیناریۆی ئاشتەوایی بۆ ئاشتی نێوان لایەن و نەتەوە ناکۆکەکان دابڕێژن.
س.ح