‘وەک قەقنەس دەسووتێم’، ئازاری ئەو ژنانە نمایش دەکات، کە لە بواری هونەرییدا کاردەکەن و دەریدەخات چۆن ڕووبەڕووی ڕێگریی کۆمەڵگا و خانەوادەکان دەبنەوە.
ماوەی دوو ڕۆژ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی شاری سلێمانی شانۆیی ‘وەکو قەقنەس دەسووتێم’ نمایش کرا و دوێنێ کۆتا ڕۆژی نمایشەکە بوو.
شانۆگەرییەکە لە شێوازی مۆنۆدرامادایە و ماوەی ساڵێکە کاری تێدا دەکرێت، لە نووسینی گەزیزە عومەرە و نەژاد نەجم کاری سینۆگرافیا و دەرهێنانی بۆ ئەنجامداوە، شانۆکار ‘هەوار فارس’یش نواندنی تێدا دەکات، ئاواز و میوزیکی لە لایەن سیروان عومەر ئەنجام دراوە، کاری ڕوناکیی و دەنگ و دیکۆر، لەلایەن هەر یەک لە بەرهەم یاسین، عەلی ئاراسەوە جێ بە جێکراوە.
ناوەڕۆکی شانۆکە باس لە گرفت و ئاستەنگییەکانی بەردەم ژنانی هونەرمەند دەکات لەناو کۆمەڵگای باشووری کوردستاندا و بە پشبەستن بە میوزیک و ڕووناکی و جەستەی ئەکتەر، پەیامەکان ئامانجەکان بەرجەستە دەکات.
شانۆگەرییەکە بەرهەمی گروپی شانۆی هەوارە، کە گروپێکی شاری کەرکوکە و بەشداریی چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کردووە، لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات نمایش کراوە، لە شاری بەغدا دوو خەڵاتی یەکەمی بەدەستهێناوە لە بوارەکانى باشترین ئەکتەری ژن و باشترین نمایش.
هەوار فارس، کە ڕۆڵى سەرەکیى لە شانۆگەرییەکەدا بینیوە دەڵێت: ناوەڕۆکى ئەم شانۆییەش باس لە گرفتی ئەو خانمە هونەرمەندانە دەکات، کە لە کوردستان ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە، جگە لەوەی کۆمەڵگا ڕێگرە لە بەردەم کارەکانیان، تەنانەت لەلایەن هونەرمەندەکانیشەوە ڕووبەڕووی توانج و ڕەخنە دەبنەوە.
هەوار، وتیشی: وەک گروپەکەمان دەمانەوێت ڕێز لە هونەرمەندان بگیرێت هەتا لە ژیاندان، نەک دوای ژیان ئاوای کردنیان پەیکەرییان بۆ دروست بکەین.
وەک قەقنەس دەسووتێم، یەکەم نمایشی لە فێستڤاڵی شانۆیی تونس ئەنجامداوە، دواتر لە شاری قاهیرە لە وڵاتی مسر، لە کەرکوک و هەولێر، کۆتا شوێنیش، کە لە دوو ڕۆژى ڕابردوودا شانۆییەکەى تێدا نمایشکرا شارى سلێمانى بوو.
ئ.م