بەوتەی سەرپەرشتیارانی دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی، لەماوەی ١٠ ڕۆژی پێشانگاکەدا نزیکەی ١٥٠هەزار کەس لە ١٢ وڵاتی جیاوازەوە سەردانی پیشانگاکەیان کردووە.
لە ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ٢٢٧ ناوەندی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیی لە ١٧ وڵاتی جیهانەوە کرایەوە، لە پێشانگاکەدا زیاتر لە سێ ملیۆن کتێب نمایشکران، کە ٤٥ هەزار ناونیشانی لەخۆگرتبوو لە بوارەکانی تەندروستی، زانستی، ئەدەبیی، ڕۆمان، هونەر، فەلسەفە و ئاین، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی و فارسی.
پێشانگاکە بۆ ماوەی ١٠ڕۆژ بەردەوام بوو دوێنێ کۆتاییهات، لەو بارەیەوە شەوقی عومەر، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پێشانگاکە، لە بارەی ئاماری سەردانکەرانی پێشانگاکەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: “لە ماوەی ١٠ ڕۆژی پێشانگاکەدا نزیکە ١٥٠هەزار خوێنەر لە توێژ و تەمەنە جیاوازەکان لە ١٢ وڵاتەوە بەشدارییان کردووە، کە جگە لە ناوخۆ وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی و ئەفریقی و ئەوروپی لەخۆدەگرێت، کە بەراورد بە ساڵی پار ٥٠هەزار سەردانکەر زیادیکردووە”.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی پێشانگاکە، لەگەڵ ئەوەی ئاماری دروستی فرۆشتنی کتێبەکانی لە پێشانگاکەدا لە بەردەست نەبوو، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە: “ئەمساڵ بەگشتی لە پێشانگاکەدا ژمارەیەکی زۆر کتێب لە زمان و بوارە جیاوازەکاندا فرۆشراون”.
وتیشی: لەسەر ناوی سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە، هیچ کتێبێکمان وەک پڕفرۆشترین کتێب دەستنیشان نەکردووە و هەر کەس و لایەنێکیش زانیاریی لەو شێوەیە بڵاوکاتەوە ئێمە ڕەتی دەکەینەوە.
ک.س