لە سلێمانی بە بەشداریی ٢٠ ژن، پێشانگایەکی شێوەکاریی بە ناوی “سۆزی ژن” بۆ دەرخستنی بەهرەکانی ژنان و نیشاندانی ئازارەکانیان کرایەوە، تێدا ٣٥ تابلۆ نمایشکران، کە یەکێک لە وێنەکان گوزارشت لە گۆڕستانی بێنازەکان دەکات.
ئەمڕۆ لە هۆڵی گەلەری ئەمنەسورەکە پێشانگایەکی شێوەکاریی بۆ ٢٠ ژنی باشوری کوردستان بە ناونیشانی “سۆزی ژن” لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک کرایەوە.
پێشانگاکە لە درێژەی چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەدایە بۆ ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ژنان، تێیدا ٣٥ تابلۆی ژنان نمایشکرا، کە گوزارشت بوون لە جوانی سروشت و ژن، ئازارەکانی ژنان، ئامانج لە کردنەوەی ئەم پێشانگایە دەرخستنی بەهرە و تواناکانی ژنان و نیشاندانی ئازارەکانی ژنانە لەڕێی تابلۆکانەوە.
یەکێک لە تابلۆکان کۆمەڵێک گۆڕی بێناونیشان و درەختێکی وشکە کە گوزارشتە لە گۆڕستانی بێنازەکان، کە لەلایەن دەروون سابیرەوە کێشراوە، وەک خۆی دەڵێت: وێنەکەی گوزارشتە لە ئازاری ژنانی ئەو گۆڕستانە، کە کوژراون و بەمردوویش ئازارەکانیان بەردەوامە، درەختە وشکەکەش باس لە بێهیوای ئەو ژنانە دەکات کە دواجار ئومێدەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووەتە گۆڕەکانیانەوە.

پێشانگاکە تەنها ئەمڕۆ تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
ک.س