بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەهونەرمەندان و كەسوكارەكەی، بەیانی ئەمڕۆ لەناو حەوشەی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی هەڵەبجە، پەردە لەسەر پەیكەری هونەرمەند ئەسغەر ڕەشید لادرا.
پەیکەرەکە لەلایەن پەیکەرتاش بەختیار هەڵەبجەییەوە دروتکراوە و بەرزییەکەی دوو مەتر و پانییەکەی ٨٥ سانتیمەترە.
بەختیار هەڵەبجەیی لە مەراسیمی پەردەلادانەکەدا وتی، کەرەستەی جیاوازی لە دروستکردنی پەیکەرەکەدا بەکارهێناوە، بەردی دەستکردنی بۆ بەکارهێناوە، کە تیشکی خۆر و باران کاریگەرییان لەسەر نابێت، هەروەها پالێتی وێنەگرتنی لەسەر سنگی داناوە و کارێکی تەعبیریی بۆ ئەنجامداوە.
هونەرمەندی شێوەکار ئەسغەر ڕەشید، لە پاییزی ساڵی ۱۹٦۰ لە هەڵەبجە لە دایکبووە و قۆناغەکانی خوێندنی لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە تەواو کردووە، پاشان لە ساڵی ۱۹۹٦ لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی دەبێتە مامۆستای هونەر لە خانەی منداڵانی بێ سەرپەرشت و چەندین بەرهەمی هونەریی پێشکەش بە گەلەکەی دەکات، کە یەکێک لە کارە بەناوبانگەکانی تراژیدییای هەڵەبجەیە و خاوەنی كتێبی ‘ئاڕاستەی تابلۆی منداڵان’ە.
هونەرمەند ئەسغەر ڕەشید، ڕۆژی ۲۷/۳/۲۰۲۰ کۆچی دوایی کرد.


ش.ف