زیاتر لە ١٠ ساڵە بە بێدەنگی سەرقاڵی وێنەکێشانە بە ڕێگایەکی جیاواز و ئێستا بووەتە خاوەنی براندی تایبەت بە خۆی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.

کارزان عومەر گەنجێکی دانیشتووی شارۆچكەی دارەتووی سەر بە پارێزگای هەولێرە و زمانی ئەدەبی کوردی تەواوکردووە، لە پاڵ ئیشوکاری تری ڕۆژانەی، دەچێتە سوچێکی ماڵەکەی و سەرقاڵی وێنەکێشان دەبێت، ئەو ڕۆژانەش کە پشووە، تەواوی کاتەکانی بە وێنەکێشان دەباتەسەر.

وێنەکێشانی کارزان جیاوازە لە وێنەکێشانی دیکەو ستایلی تایبەت بە خۆی هەیە، کە ئەویش لەڕێگەی ئاگر و سپرای و ڕۆژنامەوە دەیکات.
کارزان دەڵێت بووەتە خاوەنی یەکەمین براندی تابلۆی سپرای لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە ئەو یاریزانی تۆپی پێی خولی نایابی کوردستان و عێراقیش بووە، بەڵام ئەمە ساردی نەکردووەتەوە لە هونەرەکەی و خەریکە بە تەواوی حەز و خولیای خۆی بۆ ئەو هونەرە یەکلادەکاتەوە و تایبەتمەندی لەکارەکە وەردەگرێت.

تا دێت خواست لەسەر تابلۆكانی کارزان زیاتر دەبێت، نرخی تابلۆكانی لە هەزار دۆلارەوە بۆ ١٠ هەزار دۆلار دەستپێدەکات، تەواوی کارەکانیش لە بیرو ئەندێشەی خۆیەوە هەڵقوڵاون، زۆرجاریش ئاوێزانیان دەكات لەگەڵ بیر و خەیاڵی دەرەوە.

ئەو وێنەکێشە گەنجە ڕەنگە تۆخەكان بەكاردەهێنێت بۆ کارەکانی، زۆرینەی سپڕاكانی لە دەرەوە دەکڕێت و لە هەرێمی کوردستان دەستی ناکەوێت، بە نیازە لە داهاتوودا گەلەرییەک بۆ وێنەکانی بکاتەوە و لە ڕێگەی بەردەوامیدان بە کارەکە، خزمەت بە هونەر و شێوەکاری کورد بکات.
ی. ک