بۆ بەزیندوهێشتنەوەی ئەو شوێنەوارە مێژوویانەی لە شارۆچکەکەی بەهۆی پشتگوێ خستنەوە ڕووخاون، هونەرمەندێک کە ماڵەکەی خۆشی کردووەتە مۆزەخانە، بە هەمان دیزاین و بە تەختە جارێکی دیکە دروستیان دەکاتەوە.

ئەحمەد جەمال کە بە “مامە دڵە”، لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیاندا ناسراوە، ماوەی چەند ساڵێکە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە کار لەسەر زیندووکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکانی سنوورەکەی دەکات.
مامە دڵە لە سەربانی ماڵەکەی دوو ژوری تەرخانکردووە بە دروستکردنی کارەکانی و مۆزەخانەیەکی کەلەپوریی، کە وێڕای نمایشکردنی بەرهەمی چوار ساڵی کارکردنی خۆی، هەزاران پارچە کەرەستەی کەلەپوری کۆکردووەتەوە، بەشێكیان بە دیاری پێشکەشی کراوە و بەشێکیشیان وەک خۆی وتی، بە پارە کڕیویەتی.

هونەری کارکردنی مامە دڵە ناسراوە بە هونەری دیۆراما (Diorama) یان دیمەنێک بەچاوی بینەر، یاخود دیمەنێکی گەورە لە چوار چێوەیەکی بچووکدا، کە هونەرێکی مودێرنە.
ئەحمەد جەمال دەڵێت، ئامانجییەتی خەڵک شارۆچکەی کفری بناسێتەوە، کە شارۆچکەیەکی “بێناز ولەبیرکراوە”، دەشیەوێت ئەوە بە جیلی نوێ بڵێ بڵێت، کە کفری شارۆچکەیەکی کۆنە و پڕبووە له شوێنەواری مێژوویی، بەڵام بەهۆی پشتگوێی خستنی حکومەتی هەرێمەوە ڕووخاون و لەناوچوون.
کەرەستەی سەرەکی بیناکان کە دروستیان دەکاتەوە، بریتیین لە ‘دار یان تەختە، برغۆ جۆرەکانی سیکۆتین.
ئەم هونەرمەندە کاتێک دەیەوێت بینایەکی ڕووخاو بە هونەرەکەی دروستبکاتەوە، دەچێتە شوێنەکە و وێنەی دەگرێت، هەروەها لەو کەرستانە لەگەڵ خۆیدا دەبات کە لەبیناکەدا بەکارهێنراون و ئەمیش بەکاریان دەهێنێت لە هونەرەکەیدا.
یەکێک لەو بینا ڕووخاوانەی دروستیکردووە و چاوێکی زۆری لەسەرە، بینای سەرای کفریە، کە ساڵی ۱۹۱۹ لەلایەن ئینگلیزەکانەوە درووستکراوە و ساڵی ۱۹٥۰ نۆژەنکراوەتەوە و لە ئێستادا ڕووخاوە.
مامە دڵە دەڵێت، چوار ساڵ سەرقاڵی ئەم کارەبووە، باس لەوەش دەکات، کە نەبوونی شوێنی فراوان و کەرەستە و ئامێری پێشکەوتوو کێشەی زۆری بۆ دروستکردووه و نەیتوانیوە کارێک بکات زۆرترین کەس کارەکانی ببینن.
لەگەڵ هونەرەکەیدا، بایەخێکی زۆری بە کۆکردنەوەی کەلوپەلی کەلەپوری کوردیی داوە و مۆزەخانەکەیەکی بچوکی درووستکردووە، کە هەزاران پارچەی کەلەپوری مێژوویی تێدایە.
ئەحمەد جەمال دەربارەی هونەرکەی بۆ ڕۆژنیوز وتی، خەڵکێکی زۆر بە هیوای ئەوەن کارەکانیان پێ بفرۆشێت بەڵام بیری لە فرۆشتنی کارەکانی نەکردووەتەوە و لە هیچ پێشانگایەکیشدا نمایشی نەکردوون، دەشڵیت:”حەز دەکەم حکومەت هاوکاریم بکات لە ڕووی پێدانی ئامێری گەورە و پێشکەوتوو تا کاری جوانتر بکەم”.
س.ح