یەکێک لە یارییە کوردەوارییە کۆنەکان کە ساڵانێکە بە زیندوویی ماوەتەوە، ‘کڵاوێنە’، لە کەلار ئێستاش شەوە سارد و درێژەکانی زستانی پێ بەڕێدەکرێت و ئامادەبووانی مەجلیسەکان دابەشی سەر دوو گروپ دەبن و دەستبەیاری دەکەن.
بەتەمەنەکان دەیگڕێنەوە، لە کۆندا شەوانی زستان بەهۆی درێژییەوە بە یاری کڵاوێن بەسەر براوە، کە هۆکارێکی سەرەکی بووە بۆ پتەکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی نێوان گوندەکان و توانیویەتی چەند گوندێک لە یەک شەودا کۆبکاتەوە.

یارییەکە لە نۆ کڵاو پێکدێت و لەسەر ڕاخەرێکی یەکپارچەیی لە نێوان دوو گروپدا دادەنرێت، لایەکیان ئەڵقەیەکی گەورە دەشارێتەوە، گروپی دوو بەهەموویانەوە بە دوای ئەو ئەڵقەیەدا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی، هەر لەیەنێک بتوانێت دوو گێمی یارییەکە بباتەوە برایەوە، ئەگەر یەکسان بوون، ئەوە یاری سێیەم براوە دیاریی دەکات.
وردەکاریی زۆر لەم یارییەدا هەیە، بۆ نمونە، ئەو کەسەی ئەڵقەکە دەشارێتەوە خۆی سەرپشکە لەسەر ئەوەی ئەڵقەکە لەناو چی کڵاوێکدا دادەنێت، دوای ئەوەی ئەڵقەکەی شاردەوە دەبێت دەستی بخاتە سەر چاوەکانی، بۆ ئەوەی بەرامبەرەکانی لە ڕێگای جوڵەی چاوییەوە نەزانن ئەڵقەکەی لە چی کڵاوێک شاردوەتەوە و بەزووی بیدۆزنەوە .
هەرجارەو ماڵێک بۆ یارییەکە دیاری دەکرێت، ئەو خواردنانەی لەوشەوەدا پێویستە بۆ میوانان ئامادە بکرێت زۆربەی کات ‘کونجی، خورما، دۆینە، خورما و میوەیە.
نوری سەعید وەک خۆی وتی، ٣٠ ساڵە ئەم یارییە دەکات، دەشڵێت، هەم یارییەکە بە زیندوویی دەهێڵنەوە و هەمیش شەوانی زستانی پێ بەڕێ دەکەن، وە “ئەم یارییە بوەتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، بۆ نموونە لەم یارییەوە خەڵکم ناسیوە ئێستا شەو و ڕۆژ پێکەوین و متمانەی زۆرمان بەیەک هەیە.

جگە لە کەلار، زانا چەچان وتی، بۆ ئەم یارییە لە ئێستادا خولی گەورەی لەسەر دەکرێتەوە، وەک پاڵەوانێتی تۆپی پێی لە نێوان شار و شارۆچکەکان.

نەعیمە نەجمەدین ژنێکی بە تەمەنە و دانیشتووی گوندی باوەکرە، دەڵێت جاران لە گوندەکان چەند گوندێک کۆدەبوونەوە و لەبەردەم چرادا لەسەر کەڵەشێر و قەڵ یاریان دەکرد، دوای بردنەوە خواردن لێدەنراو هەموو ئامادەبووان پێکەوە دەیانخوارد.

س.ح