گۆڤاری ئیلیان، دەست بەوەشان دەکاتەوە و ژمارەیەکی نوێی بڵاو دەکاتەوە، کە تایبەتە بە وێژەی گێڕانەوە و ئەو بابەتە تییۆریانەی گرێدراوین، هاوکات گرنگیی داوە بە بەرزڕاگرتن و پاراستنی ئەدەبیاتی نەتەوەیی و بە شێوەزاری سۆرانی، کەڵهوڕی، کرمانجی و بنزارۆچکەی جافی باشووری دەنووسن.
هاوینی ساڵی ٢٠١٥ لە دووتوێی ١١٨ لاپەڕەدا، ژمارەی یەکەمی بڵاو بوەتەوە، لەو دەمەوە تا هاوینی ٢٠١٧ واتا لە ماوەی دوو ساڵدا، شەش ژمارە لە گۆڤارەکە و پەڕتووکێکی بڵاو کردوەتەوە، بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی گۆڤارەکەوە کە بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکە، خۆیان تێچووی چاپ و ئەرکی دیزاین و دابەشکردنی لەئەستۆ دەگرن، پاش بڵاوبوونەوەی ژمارەی شەشەم، گۆڤاری ئیلیان لە وەشاندن وەستا.
ئارام سەمین، خاوەنی ئیمتیازی گۆڤارەکە، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: دوای زیاتر لە سێ ساڵ ڕاوەستان لە وەشان بەهۆی گرفتی داراییەوە، ژمارەیەکی نوێی ئیلیان بڵاو دەبێتەوە و بە هەندێک بەرنامە و پلانی نوێوە، درێژە بە وەشانی ئیلیان دەدەینەوە و تێدەکۆشین و پڕۆژەکەمان درێژمەودا بێت.
لەبارەی گۆڤارەکەیانەوە دەڵێت: ئیلیان لە دوو ئاستدا کاری کردوە، وەرگێڕانی چیرۆک و بابەتی تیۆریی پەیوەست بە گێڕانەوە، هاوشان لەگەڵ گرنگییدان بە چیرۆک و چیرۆکنووسانی هەموو زارە کوردییەکان و گێڕانەوەی کوردیی، کە ئەمەی دواییان دەکرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی تایبەت، یان هەر لەنێو ئیلیاندا جێگایەکی تایبەت و مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان بکرێت و گەر ژینگە لەبار بێت، خەونی گەورەمان لەو چوارچێوەدا هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا: لە گۆڤارەکەدا لە نۆ زمانەوە بابەت وەرگێڕراونەتە سەر زمانی کوردیی ئەوانیش (فەڕەنسیی، ئینگلیزیی و سویدیی و ڕووسیی، عەرەبیی و فارسیی، ئیسپانیی و تورکیی و ئەڵمانیی) کە تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ چیرۆک وەرگێڕراون، جگە لە وتار و خوێندنەوە و چاوپێکەوت.
لە بارەی ژمارەی نوێی گۆڤارەکەوە، وتی: ئێستا ژمارە حەوتی ئیلیان لە دووتوێی ٤٢٥ پەڕەدا و بە گورزێک چیرۆک و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن و لێکۆڵێنەوە و ڕاڤەوە، ئامادەیە و لە چاپخانە هاتوەتەوە، لەم چەند ڕۆژەدا لە کتێبخانەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەست دەکەوێت.
لەسەر بەرگی ژمارەی نوێی گۆڤارەکە، وێنەیەکی ئەردۆغان دانراوە و تابلۆیەک دراوە بەدەستییەوە، کە بریتییە لە وێنەی ئەو منداڵانەی بەهۆی بۆردوومان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە بوونەتە قوربانیی.
لە بارەی ئەم وێنەیەوە، ئارام سەمین وتی: ئەمە گرێدانەوەی خەباتی چاندی و فەرهەنگییە بە خەباتی نەتەوەیی، چونکە لە کەسایەتی ئەردۆغاندا تێکڕای فاشیزمی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و کۆنەپەرستی دینی و ڕەگەزپەرستی چڕبوەتەوە.

س.ح