ڕۆژنیوز-خەلیفان
گەنجێكی دانیشتووی گوندی كەلەكینی سەر بە شارەدێی خەلیفان، لەسەر ئەركی خۆی كتێبخانەیەك بۆ گوندەكەی خۆیان دروست دەكات و دانیشتوانی گوندەكە بۆ خوێندنەوە و خوێندكارانی گووندەكەش، بۆ سمینار و لێكۆڵینەوەی زانستی پشت بە كتێبخانەكە دەبەستن.
گوندی كەڵەكین دەكەوێتە سەر ڕێگای هامڵتۆن و حەوت كیلۆمتر لە شارەدێی خەلیفانەوە دوورە ، گوندەكە ٥٠٠ ماڵی تێدایە و ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندەواری لە ئاستێكی بەرزدایە، كتێبخانەكەشی چەند مانگێكە لە ماڵی ڕزگارەوە گوازراوەتەوە بۆ خانووی هاوڵاتیەك كە بەخۆبەشخی تەرخانی كردوە بۆ كتێبخانەكەك گەنجانی ئەم گووندە داوا لە حكومەت و خێرخوازان دەكەن هاوكاریان بكەن تاكو برەوی زیاتری پێ بدەن.
ڕزگار عەلی، خاوەنی بیرۆكەی دروستكردنی كتێبخانەی گوندەكەیە و سەبارەت بە دروستكردنی كتێبخانەكە بۆ ڕۆژنیوز دوا ، ئەو وتی لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا لەسەر ئەركی خۆی كتێبخانەكەی لە ناو ماڵەكەی خۆیدا كردووتەوە و هەر لەسەر ئەركی خۆشی بە بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار كتێبی بۆ كتێبخانەكە كڕیوە، تەنانەت بیرۆكە و هەموو هەوڵ و تێچونەكانیش هەر خۆی بووە و حكومەت تەنیا مۆڵەتی كردنەوەی پێداوە.

بەوتەی خاوەنی بیرۆكەكە، ئێستا كتێبخانەكە بووەتە لانەیەك بۆ گەنجانی گوندەكە و خوێنەری زۆریان هەیە، تەنانەت خوێندكارانی گووندەكە بۆ سمینار و لێكۆڵینەوەی زانستی پشت بە كتێبخانەكە دەبەستن، جگە لەوەش هەركەسێك داوای كتێب بكات بۆ ماوەی هەفتەیەك كتێبی پێ دەدەن و دوای خوێندنەوەی دەیگەڕێننەوە بۆ كتێبخانەكە.
ئەو كتێب و كتێبخانەكەی خۆشدەوێت و داوا دەكات، هاوكاری بكەن لە پڕكردنەوەی ڕەفە بەتاڵەكانی كتێبخانەكەی ، ئێستا زیاتر لە هەزار كتێبی لە سەرجەم بەشە جیاوازەكان كۆكردووەتەوە، تاكە داواكاری لە حكومەت ئەوەیە كارمەندێكی بۆ دابمەزرێنن تاكو كتێبخانەكە ڕۆڵی بەردەوام بێت لە گەشەسەندنی ئاستی ڕۆشنبیری گوندەكەی، تەنیا ئامانجی لە كردنەوەی ئەم كتێبخانەیە برەودانە بە خوێندنەوە و فراوانكرنی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و كتێب.
ئەمیر سێودین، یەكێكە لە گەنجە سوودمەندەكانی كتێبخانەی گووندی كەڵەكین، هاوكات لەگەڵ چەند گەنجێكی تریش هاوكاری ڕزگاریان كردووە لە دامەزراندنی كتێبخانەكە و دەڵێت: هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی گوندی كەڵەكین سوود لە سەرچاوە و كتێبەكانی ئەو كتێبخانەیە وەردەگرن و ڕۆڵی لە پێشخستنی ئاستی ڕۆشنبیری تاكەكانی گوندەكەدا هەیە.

س.س