ئارێز عەبدوڵا لە کتێبێکدا ڕووداوەکانی هەشتاکان دەگێڕێتەوە

کتێبی وەرزی تەمومژ-ی نووسەر ئارێز عەبدوڵا بڵاوکرایەوە، کە گێڕانەوەی بەشێک لە ڕووداو و بەسەرهەتەکانی نووسەرە لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، وەک خۆشی دەڵێت، باسی لایەنە ئەرێنییەکانی کردووە نەک نەرێنییەکان.


ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ لە شاری سلێمانی، کۆڕێک بۆ ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی 'وەرزی تەمومژ' ڕێکخرا، کە لە نووسینی ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.

کتێبەکە تێکهەڵکێشێکی ڕۆمان و گێڕانەوەی بەسەرهاتی نووسەرە، کە بەشێک لە ڕووداوەکانی کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو "وەک خۆی دەگێڕێتەوە".

لە کۆڕەکەدا، ئارێز عەبدوڵا، نووسەری کتێبەکە باسی لەو ساڵانە کرد، کە بەسەرهاتەکانی لە کتێبەکەدا خستووەتەڕوو، وتی: ئەو ساڵانە بەڕاستیش تەمومژ بوو، چونکە شەڕی ئێران و عێراق و شۆڕشی کورد دژی ڕژێمی سەدام و ئەنفال و کیمیاباران هەبوو، کە هەمووی بەڕاستی تەمومژ بوو.

وتیشی: ئەم کتێبە وەک نووسراوێکی مێژوویی، هەوڵمداوە لە چوارچێوەیەکی ئەدەبیدا دایڕێژمەوە، بەشێک لەوانەی کە بەسەرهاتەکانی خۆیان دەگێڕنەوە، زیاتر سەرنج دەخەنە سەر لایەنە نەرێنییەکان و ململانێکان، بەڵام من سەرنجم خستووەتە سەر لایەنە جوان و ئەرێنییەکانی شۆڕشی کورد بەرامبەر ڕژێمی سەدام.

س.ح