"ئازادیی پێویستی بە تێکۆشانە"

لە شاری سلێمانی سیمینارێک لەسەر (ئاماژە وەک بەرهەمهێنەری مانا) بەڕێوەچوو، تێیدا باس لە هەوڵدان بۆ ئازادیی و ئازایەتیی کرا و ئەوە خرایەڕوو، کە ئازادیی پێویستی بە تێکۆشانە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ماڵی مەستورەی ئەردەڵانی لە شاری سلێمانی، سیمینارێک بە ناونیشانی (ئاماژە وەک بەرهەمهێنەری مانا) لەبەر ڕۆشنایی چەند چەمکێک، ڕۆڵی ئاماژە لە خوێندنەوەی فیلم و کورتە فیلم و وێنە و مۆسیقا بۆ ڕێبین عومەر ئەنجامدرا.

ڕێبین عومەر، خاوەنی بڕوانامەی ماستە لە فەلسەفە. لە سیمینارەکەدا باسی لە شیکردنەوەی ئاماژەکان کرد، کە هەر ئاماژەیەک یان هێمایەک چی واتایەک دەبەخشێت، بۆ نمونە، لە سیستمە جیاوازەکانی ئاماژەدا دەکرێت ئاماژەیەک مانای جیاوازی هەبێت بۆ ئەمەش سودی لە سیستمی ئاماژەی یاساکانی هاتوچۆ، چۆنێتی بەکارهێنانی ئاماژە لەناو فیلم و کورتە فیلم و مۆسیقادا ڕوونکردەوە.

هەروەها نمونەی یاریزانێکی هێنایەوە کە لە کاتی یاریکردندا بە دەستی سڵاوی شێوازی هیتلەری کرد، ئەوەش بووە هۆی دوورخستنەوەی لە یاری، چونکە ئەو سڵاوە ئاماژەیە بۆ فاشیزم.

ڕێبین لە شیکردنەوەی یەکێک لە کورتە فیلمەکاندا باسی لە هەوڵدان بۆ ئازادیی کرد، کە پێویستی بە حەماسییەت و تێکۆشان و هەوڵدانە.

دواتر کورتە فیلمێکی ئەنیمەیشنی نمایشکرد، کە مرۆڤ بە هەوڵدان ئەو شێوازەی ژیان دەگۆڕێت کە تێیدایە، ئەو سنورانە تێدەپەڕێنێت کە لە چوارچێوەیەکدا هێشتویانەتەوە و نایەڵن ئازاد ببێت. هەروەها فیلمەکە بە گشتی جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە، کە ئازایەتی مرۆڤ دەگەیەنێتە ئازادیی.

پاشان کورتە فیلمیکی دیکەی نمایش کرد، کە بە هەمانشێوە باسی لە هەواڵدان بۆ ئازادیی دەکرد، تەسلیمنەبوون بە سەختیی و زەحمەتی و ڕێگرییەکان.

ڕێبین عومەر قسەی لەسەر ئەوە کرد، کە لە فیلمەکەدا هێما بۆ ئەوە کراوە، کە جوانی بوەتە تەجمیلات، خۆشەویستی بووەتە شەهوەتێکی زوو بەسەرچوو لە دونیای مۆدێرنەدا.

هەروەها نمونەی پارچە مۆسیقایەک پێشکەشکرا و خوێندنەوەی ئاماژەناسیانەی بۆ کرا.


ک.ک