ئاسایش دەستی بەسەر ٥٠٠ کتێبدا گرتووە

ئاسایشی سلێمانی دەستی بەسەر ئەو کتێبەکانەدا گرتووە، کە لەلایەن گەنجانی وڵاتپارێزەوە دەفرۆشران، سەرەڕای ئازادکردنی بەشێک لە کتێبفرۆشەکان، هێشتا کتێبەکانیان نەگێڕاوەتەوە، کە ژمارەیان نزیکەی ٥٠٠ کتێب دەبێت و لە کتێبەکانی ئۆجالان و ساکینە جانسز و ژمارەیەک کتێبی فکریی دیکە پێکدێن.


ڕۆژی ٧ی کانوونی دووەم، ئاسایشی سلێمانی لە بەردەم باخی گشتیی شارەکە، سێ گەنجی کتێبفرۆشیان دەستگیرکرد و دەستیان بەسەر کتێبەکاندا گرت، دوێنێش لە بەردەم کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی دوو گەنجی دیکەیان دەستگیرکرد، کە کتێبیان دەفرۆشت و دەستیان بەسەر کتێبەکانیشدا گرت.

هەرچەندە ئاسایش چوار لەو گەنجانەی ئازادکردووە کە کتێبیان دەفرۆشت، بەڵام دەستیان بەسەر سەرجەم کتێبەکاندا گرتووە و هێشتاش یەکێک لە گەنجەکان ئازاد نەکراوە، کە بەوتەی بەڕێوبەرانی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، ژمارەی ئەو کتێبانە نزیکەی ٥٠٠ کتێب دەبێت و لە کتێبەکانی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و ساکینە جانسز، یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە و ژمارەیەک کتێبی فکریی دیکە پێکهاتوون.

بەڕێوبەرانی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان ئەوە دەخەنەڕوو، کە لە هەوڵەکانیان بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کتێبانە بەردەوامن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی بەپاساوی "نەبوونی مۆڵەتی کتێب فرۆشتن" تاوەکو ئێستا کتێبەکانی ڕادەستی ڕێکخراوەکە نەکردووەتەوە.

هەروەها ڕزگار ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز ڕەتیکردەوە، کە ئاسایشی سلێمانی قەدەغەی خستبێتە سەر هیچ کتێبێک، بەڵام دەربارەی هۆکاری دەستبەسرداگرتنی ئەو کتێبانە وتی:"ئامادەنیم هیچی لەسەر بڵێم".

ئەو کتێبانەی کە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە زۆرینەی کتێبەخانەکانی باشوری کوردستاندا دەستدەکەون و بەشێوەیەکی یاسایی ژمارەی سپاردنیان لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی و هونەری حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە.

س.ح