ئاشەوانێکی دێرین: چەند ساڵێکی دیکە پیشەی ئاشەوانی لەناودەچێت

شێوازە کۆنەکەی پیشەی ئاشەوانی لە شارۆچکەی سەیدسادق، لەبەردەم هەڕەشەی لە ناوچووندایە، ئاشەوانێکی شارۆچکەکەش کە ماوەی 30 ساڵە پیشەی ئاشەوانی دەکات، دەڵێت: ئێستا بەهۆی ئەوەی ئاردێكی زۆر لەدەرەوە دێتە بازاڕ خەڵك ئارد ناهاڕێت و بەهۆی بێ کارەبایشەوە تەنها پێنج‌ كاتژمێر لەڕۆژێكدا كاردەكات.


شارۆچكەی سەیدسادق، سێ‌ ئاشی هاڕینی گەنم و باراشی تێدایە، مێژوویی هەر یەكێكیان زیاتر لە ٢٠ ساڵ دەبێت، ڕۆژنیوز، یەكێك لەخاوەن ئاشەدێرینەکانی شارۆچکەکە بەسەردەکاتەوە.

نەجمەدین قوتبەدین، تەمەن ٧٦ ساڵ، یەكێك لەخاوەن ئاشەكانی شارۆچکەکەیە و لە بارەی پیشەکەیەوە دەڵێت: ماوەی ٣٠ ساڵە پیشەم ئاشەوانییە، لەكۆمەڵگەیی باریكە و شانەدەریی و ئێستاش لە سەیدسادق ئاشەوانی دەکەم و سێ‌ جۆر ئاشم بەكارهێناوە ئاشی ئاو، ئاشی تراكتۆر، هەروەها ئەم ئاشەی ئێستا كاری پێدەكەم کە بەكارەبا ئیش دەكات.

ئەو ئاشەوانە باسی لە شێوازی ئیشكردنی ئاشی ئاوی کرد و وتی: "١٠ بەرمیل ئاو لەشوێنێكی بەرزییەوە هەڵدەبەسترا، ئاوەكە پاڵی بەبەردی هاڕینی گەنمەكەوە دەنا بەو جۆرە ئیشی پێدەكرا و گەنمەكەی دەكرد بەئارد، تاوەكو ئاوەكەشی زیاتر بوایە ئیشپێكردنەكەی باشتر دەبوو، ئەو جۆرەی ئاش پێویستی بەگازو كارەبا نەبووە".

وتیشی: كاركردن بە ئاشی كارەبا ئاسانترە تاوەكو ئاشی ئاو، ئێستا تەنها بڕوێش دەهاڕین بۆ ئالیكی ئاژەڵ، لەوەرزیی پایزیشدا ساوەری پێدەهاڕین، ساڵانی ڕابردو ئاردیشمان دەهاڕی، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی ئاردێكی زۆر لەدەرەوە دێتە بازاڕ خەڵك ئارد ناهاڕێت، "ژن منداڵ پیاو هەموو جۆرە كەسێك سەردانمان دەكەن باراش دەهاڕن، ئێستا یەك تەنەكە گەنم بەبڕی ٥٠٠ دینار دەهاڕین، پێشوتر لەساڵی نەوەدەكان بە ٢ دینار باراشمان دەهاڕیی".

سەبارەت بەڕەوشی بازاڕیان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بەهۆی هاتنی وەرزی بەهارو زۆربوونی گژوگیاوە لەمكاتەدا بازاڕمان كەمدەبێتەوە تا وەرزی هاوین، هەروەها "جۆرێك لەئاشی دیكە پەیدابووە، بەدوای تراكتۆرەوەیە ڕاستەوخۆ دەڕواتە بەردەم ماڵەكان ئیشەكە دەكات، تێچووی هاڕینی باراش و گەنمەكە كەمتر لەسەر خاوەن ئیشەكە دەكەوێت، ئەوەش كاریگەریی كردۆتە سەر كەمبوونەوەی ئیشی ئەمجۆرە ئاشانەی لەناو دوکاندایە، خەریكە ئەم كەلتورە كۆنە و ئەمجۆرەی ئاشە لەناودەچێت".

ئەو ئاشەوانە دێرینە ئەوەشی خستە ڕوو کە بەهۆی نەبوونی كارەباوە ڕۆژانە لەكاتژمێر ٧ی بەیانی تاوەكو ١٢ی نیوەڕۆ خەریكی ئیشكردنە بەئاشەكەی، واتە تەنها پێنج‌ كاتژمێر لەڕۆژێكدا كاردەكات، وتیشی: بەهۆی  زۆری تەمەنمەوە كەمتر حەزم بۆ ئیشەكە ماوە، دوای منیش کەس نییە درێژە بە کارەکەم بدات و ڕەنگە چەند ساڵی داهاتوو ئەم پیشەیە بە تەواوی لەناوبچێت.

ک.س