ئاغالە هونەرمەندانی کورد و جیهان کۆدەکاتەوە

مۆزەخانەی ئاغالە، لە شارۆچکەی کۆیە، بووەتە ماڵێک بۆ کۆکردنەوەی هونەرمەندانی شێوەکاری کورد و جیهان و ڕەمزێک بۆ ناساندنی مێژووی کورد بە ناوخۆ و دەرەوە، ڕۆستەم ئاغالە، لە بارەی مۆزەخانەکەی و خەیاڵی تابلۆکانی دەڵێت: مۆزەخانەی ئاغالە تاکە مۆزەخانەی بێڕکابەرە لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق، بۆ نمایشی کاری هونەری هاوچەرخ.


مۆزەخانەی ئاغەلە، بە هەوڵی تاکە کەسی و لە سەر ئەرکی ڕۆستەم ئاغەلە، کە یەکێکە لە شێوەکارە دیارەکانی باشوری کوردستان دروستکراوە، لە ٢ی ئازاری ٢٠١٩ مۆزەخانەکە كرایەوە.

مۆزەخانەی ئاغەلە، دەکەوێتە بناری شاخی هەیبەت سوڵتان لە شاری کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕووبەرەکەی ٦٥٠ مەتر چوارگۆشەیە و بە شێوازێكی كلاسیكی دروستكراوە‌و لە دوو نهۆم پیک دێت و بە چوار ساڵ تەواو کراوە، لە دروستکردنیدا بەردی شاخی کۆڕێ و بەردی ناوچەی قەرەداغی تێدا بەکارهێنراوە، شێوازی ناوە و دەرەوەی لەسەر شێوازی ماڵە کۆنەکانی سەد ساڵ لەمەوپێشی کۆیە دروستکراوە.

ڕۆستەم ڕەسوڵ ئاغالە، خاوەنی مۆزەخانەکە لە تەمووزی ساڵی ١٩٦٩ لە کۆیە لەدایکبووە و ئێستا لە سلێمانی دەژی، یەکێکە لە فۆتۆگرافەر و شێوەکارە بەناوبانگەکانی کورد، جگە لەوەش شارەزایی لە هونه‌ری بیناسازی و دروستكردنی ته‌لار له‌ بواری مۆزه‌ خانه ‌و گه‌له‌ری هەیە و خاوەنی چەندین پێشانگای تایبەتی شێوەکارییە لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم.

ڕۆستەم، بە ئامانجی خزمەتکردن بە خەڵک و نەتەوەکەی مۆزەخانەی ئاغالەی کردوەتەوە و بەبڕوای ئەو مۆزەخانە بەڵگەنامەیەکە، کە خەڵک یان حکومەت بۆ نواندنی هونەر و ڕۆشنبیری و نیشاندانی ڕابردووی گەلەکەی دروستی دەکات، کە ڕۆڵی زۆریشی هەیە لە ڕاکێشانی گەشتیاران و گەشەی ئابووری و ڕۆشنبیری وڵات، مۆزەخانەکەشی تاکە مۆزەخانەی بێڕکابەرە لە سەر ئاستی هەرێم و عێراق، بۆ نمایشی کاری هونەری هاوچەرخ.

لە ناو مۆزەخانەی ئاغالە هەڵبژاردەیەک لە کاری هونەری دیارترین شێوەکارانی کورد و بیانی نمایش کراوە و جیاواز لەوەش، لەڕێگای ئەو تابلۆیانەی تێیدا نمایش کراوە، هەڵگری نوسینەوەی مێژوو جینۆساید و کارەساتەکانی ڕابردووی کوردە و وێنەی ناسنامەی چەندین کەسی ئەنفالکراوی تاوانی ئەنفالی گەرمیان، هەڵەبجە، بارزان، و شەنگال خراونەتە ڕوو.

جیاواز لە بینینی تابلۆی هونەرمەندانی ناوخۆ و بیانیی بەشێکی مۆزەخانەی ئاغالە، بە تابلۆکانی ئاغالە ڕازێنراوەتەوە، کە جگە لەوەی ئاغالە شێوازێکی تایبەت بە خۆی هەیە لە بەشێکی زۆر لە تابلۆکانیدا وێنەی ژن بە دی دەکرێت و ئامانجی سەرەکیشی ئەوەیە کە بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی ژیان کە ژن-ە، بخاتە بەر دیدی بینەر و ئەو بەو وێنانە گوزارشت لە گرنگی ژن و سروشت وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی دەکات.

ڕۆستەم ئاغالە، جگە لە مۆزەخانەکەی، لە شاری سلێمانی و لە نهۆمی ژێرزەمینی ماڵەکەشیدا گەلەرییەکی شێوەکاری کردووەتەوە و بەشێکی زۆر لە تابلۆ قەبارە گەورەکانی کە بە ڕەنگ و شێوە جوانەکانی خەیاڵی بینەر بەلای خۆیدا پەلکێش دەکات تێدان، لەگەڵ ئەوەشدا بە بایەخەوە چەند ساڵێکە لە وێنەکانیدا گرنگی بە ئەفسانەی شاماران دەدات کە ئەفسانەیەکی تایبەتی ژنانە و لە باکوری کوردستان لە هەمووشوێنێک بەدی دەکرێت.

لەو بارەیەوە ڕۆستەم ئاغەلە دەڵیت: "زۆرێک لە وێنەکانم باسی سروشت و ژن-ە، ماوەی چەند سالێکە گرنگی دەدەم بە شاماران، کە ئەفسانەیەکی مێژوویی کوردییە و بریتیە لە خوای مێینە کە بۆ نهێنی و زانین، بابەتی شاماران بابەتێکە کە پابەندە بە ژنەوە و ژن لە لوتکەیەکی بەرزدایە و شێوازی ڕۆیشتنی شاماران و چوونی بۆ ناو شاخ و داخ زۆر پەیوەندی بە شۆڕش و شۆڕشی ژنەوە هەیە، هەرچەندە بەرپرسانی ئێستا ڕەتی دەکەنەوە، چونکە ئەگەر بەپێی شاماران بێت، دەبێت سەرۆک ژن بێت و زۆرترین جومگەکانی دەسەڵات بە دەست ژنەوەبێت، هەروەک شاماران هەموو ئەو تێڕوانینەی کۆمەڵگا ڕەتدەکاتەوە کە ژن هۆکاری ئاژاوە دروستکردنە".

ک.س