ئایلان لە ئیتاڵیا خەڵاتی باشترینی وەرگرت

فیلمی (ئایلان) لە فیستیڤاڵی سینەمایی کلات نیسای سینەمایی، کە لە وڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچوو، خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا.


ڕۆژی ٧ب ئەم مانگە فیلمی (ئایلان) لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش کرا و خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا، کە باس لە چیرۆکی ئایلان کوردیی دەکات.

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەکر، دەرهێنانی بۆ فیلمی ئەیلان کردووە و لەبارەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەوە بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت: لە فیستیڤاڵەکەدا ٤٣٧ فیلم بە نوێنەرایەتی ٦٠ وڵاتی جیهان بەشدارییان کرد و لەنێو ئەو فیلمانەدا فیلمی (ئایلان) خەڵاتی باشترین فیلمی وەرگرت. 

لەبارەی چیرۆکی فیلمەکەوە ئەو دەرهێنەرە وتی: چیرۆکی فیلمەکە باس لە ئایلان کوردی دەکات، کە لە سوریا شەڕ دەستپێدەکات لەگەڵ خێزانەکەی ڕێگەی تاراوگە دەگرنەبەر و بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون، بەڵام لەوێ‌ بەر لەوەی بگەن بە کەناری ئارامی شەپۆلەکانی دەریا دەیکاتە قوربانی. 

فیلمی سینەمایی (ئایلان) لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەکر کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و ئومێد ڕۆژ کاری مۆسیقای فیلمەکەی جێبەجێکردووە، هەروەها ئالان ڕۆژبەیانی کاری گرافیک و دیزاینی فیلمەکەی جێبەجێ‌ کردوە. 

جوبرائیل ئەبوبەکر ڕەحمان، لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٣ی شاری هەولێرە، لە ساڵی ٢٠٠١ەوە دەستی بە کاری سینەمایی کردوە، ئەو لە نزیکەی ٤٠ کورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بووە و لە ١٣ فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بووە و لە ساڵی ٢٠١٠ەوە کاری دەرهێنانی سینەمایی دەکات.

 


 

ک.ک