ئیسماعیل سابووری لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا

بە ئامادەبوونی خانەوادەکەی، بەشێک لە هونەرمەندان، شاعیران و هاوڵاتیانی سلێمانی، تەرمی هونەرمەند ئیسماعیل سابوری، لە گردی سەیوان-ی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ، دوای وەرگرتنەوەی لە پزیشکی دادوەریی، لە مەراسیمێکدا تەرمی ئیسماعیل سابوری، هونەرمەندی گۆرانیبێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە گۆڕستانی گردی سەیوان-ی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

لە مەراسیمەکەدا ئەندامانی خێزانەکەی سابوری و بەشێک لە هونەرمەندان، شاعیران و هاوڵاتیانی شار سلێمانی ئامادەیبوون.

ئیسماعیل سابوری خەڵکی شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بەڵام ساڵانێکی زۆرە لە باشوری کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و شەوی ڕابردوو بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا، لەسەر ڕەزامەندیی کەسوکارەکەشی هەر لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.

ئەمڕۆش لەسەر داوای کەس  و کارەکەی لە گردی سەیوان بە خاک سپێردرا و پرسەکەشی لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی دەبێت.

 ئیسماعیل محەممەد ساڵح ناسراو بە ئیسماعیل سابووری، ساڵی 1956 لە شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، ساڵی 1979 كۆلێژی هونەرە جوانەكانی لە تاران تەواو كردووە، تاوەکو ئەو كاتەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو 105 گۆرانی و تۆمار كردبوو، هەروەها  ئەلبومێكی بەناوی سەفەرنامەی كوردستان بڵاوكردەوە. دواتریش لە هەرێمی كوردستان ئەلبوومی بیرەوەری بڵاوكردووەتەوە.

ش.ف