ئەسڵانی خەڵاتی فێستیڤاڵی ئازادیی ئەمەریکای پێشکەشی ڕۆژئاوا کرد

توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادیی" ئەمەریکای وەرگرت و خەڵاتەکەی پێشکەش بە خۆڕاگریی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و منداڵانی ڕۆژئاوا کرد.


فیلمی سینەمایی ١٤ی تەمموز (14 Tîrmeh) لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر، لە بەرهەمهێنانی مەمەد حیسامەدین یوورک لە کۆمپانیای یاپیم ١٣ و لە بەڕێوەبەریی وێنەگرتنی توورەج ئەسڵانی سینەماکاری ناودار و نێودەوڵەتی کورد، بەرهەمی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا و تورکیا، لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادیی" Freedom لە ویلایەتی کاڕۆلینای باشوور لە وڵاتی ئەمەریکا نمایش کرا و توورەج ئەسڵانی خەڵاتی باشترین وێنەگرتن و هەروەها خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم ڕووداوە سینەماییەی بەدەستهێنا.

توورەج ئەسڵانی دوای وەرگرتنی خەڵاتی باشترین وێنەگرتنی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئازادی" ئەمەریکا، ئەم خەڵاتەی بە نەتەوەی ئاشتی خوازیی کوردستان و بە تایبەت خۆڕاگریی قارەمانەی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و هەروەها منداڵانی ڕۆژئاوا پێشکەش کرد.

فیلمی سینەمایی ١٤ی تەمموز لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی فیلمە بڵندەکانی "سینەمای کوردی" لە پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دهۆک" لە هەرێمی کوردستان نمایش کرا و خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە سینەماییە بە هۆی وێنەگرتنی بەرچاو و ستایلی وێنەیی بەرجەستە، بە توورەج ئەسڵانی بەڕێوەبەریی ئەم فیلمە سینەماییە بەخشرا و هەروەها کۆمەڵەی ئەکتەرانی ئەم فیلمەش بە هاوبەشیی خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئەم خولەی فێستیڤاڵیان بەدەستهێنا، ئەمساڵیش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانیی توانی خەڵاتی ڕێزلێنانی فێستیڤاڵەکە بەدەستبهێنێت.

فیلمی ١٤ی تەمموز باس لە بەرخۆدانی پێشەنگەکانی پەکەکە دەکات، لە زیندانی ئامەدی باکوری کوردستان، دژی ئەشکەنجە دەوەستەوە، بە شێوەیەک کە تەنها لەپێناو قسەکردن بە زمانی تورکی، بەرپرسانی زیندان هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک لەسەر پێشەنگەکانی پەکەکە تاقی دەکەنەوە، بەڵام پێشەنگەکانی پەکەکە ئەوە ڕەتدەکەنەوە و لەبەرامبەردا مانگرتن لە خواردن ڕادەگەیەنن.

فیلمەکە تاوەکو ئێستا بەشداریی لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە هەریەکە لە وڵاتانی هیندستان، ئۆکرانیا و ئەڵمانیا کردووە،

فیلمەکە بۆ ماوەی سێ مانگ لە ١٤٥ هۆڵی سینەمایی لە وڵاتانی جۆراوجۆری ئەورووپا چووە سەر پەردەی سینەماکان و لە لایەن هۆگرانی هونەریی سینەمایی پێشوازیی لێکرا.

ش.ف