ئەمریکا کەشتیە جەنگییەکانی لە زەریای هادی چۆڵ دەکات

لە ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێزی دەریاوانی ئەمریکا هەزاران دەریاوان لەناو کەشتی فڕۆکە هەڵگری "USS Theodore Roosevelt" لە ڕۆژئاوای زەریای هادی دەگوازێتەوە دوورگەیەکی ئارام.


دوابەدوای هۆشداری کاپتنی کەشتی جەنگی فڕۆکە هەڵگری یوئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزفێڵیت لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەناو کەشتییەکە، هێزی دەریاوانی ئەمریکا بەشێک لە ئەندامانی کەشتییەکە کە بە وزەی ئەتۆم کاردەکات، گواستەوە بۆ دورگەیەکی ئارام.

بەپێی سەرچاوەکانی نێو هیزی دەریاوانی ئەمریکا، لەناو ئەو کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەدا کە ٤٨٠٠ کەسی تێدایە، ٩٣ دەریاوان توشی کۆرۆنا بوون.

بەرپرسانی پنتاگۆن ئاشکرایان کردووە، لە دورگەیەکی زەریای هادی، هۆتێلێکیان بۆ لەخۆگرتنی ئەو سەربازە دەریاوانانە دروستکردووە کە لەگەڵ خۆیاندا بەشێک لە ئامێرە سەرەکیەکانیان هێناوە، بەڵام توشبووەکان هێشتا لەناو کەشتییەکەدان و کەرەنتینە کراون.

جۆن مینۆنی، فەرماندەی دەریاوانی لە ناوچەی ماریاناس بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە، بەشێکی سەربازەکانیان گواستووەتەوە بۆ دوورگەی گوام، جگە لەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن، بەشێکی دیکە لە دەریاوانەکان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە لەناکاوەکان و کارەکانی دیکە، لەناو کەشتییەکەدا دەمێننەوە.

هاوکات وەزیری دەریاوانی ئەمریکا تۆماس مۆدلی بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، دوێنێ نزیکەی هەزار دەریاوانیان گواستووەتەوە دوورگە ئارامەکەی زەریای هادی و لە دوو ڕۆژی داهاتووشدا ئەو ژمارەیە بەرزدەکەنەوە بۆ ٢٧٠٠ دەریاوان و دواتریش ڕێژەکە بەرز دەکەنەوە، بەڵام لە هەموو کاتێکدا هەزار سەرباز لەنێو کەشتییەکەدا دەمێننەوەو جگە لەکارەکانی خۆیان، بە بەردەوامی کەشتییەکەش پاک دەکەنەوە.

بەپێی وتەکانی مۆدلی، لەناو کەشتییەکەدا چەک و ئازوقەو فڕۆکەی پێشکەوتو و وێستگەیەکی وزەی ئەتۆم هەیە.

پێشتر کاپتنێکی دەریاوانی لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشكرایکرد، ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو لەناو کەشتییە سەربازییەکانیاندا تەشەنەی کردووەو پێویستە بەزووترین کات ژیانی دەریاوانەکانیان ڕزگار بکەن.

جگە لە کەشتی تیۆدۆر ڕۆزفێڵت، کەشتی جەنگی کروزییەش بەتەواوی لە سەربازە دەریاوانەکان بۆ ماوەی دوو هەفتە چۆڵکرا کە تیایدا فڕۆکەی پێشکەوتووی هەڵگری بۆمبی ئەتۆمی تێدایە و لە زەریای هادی لەنگەری گرتووە.

س.ح