ئەمەل سەعید کوردە مروارییە شاراوەکانی تاراوگە بە خەڵک ئاشنا دەکاتەوە

هونەرمەندی گۆرانیبێژ ئەمەل سەعید کوردە، لەپاڵ هونەری گۆرانی وتندا لەئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا سەرقاڵی پێشکەشکردنی بەرنامەیەکە بە ناوی (مراورییەکانی غوربەت) و هەر جارە و هونەرمەندێکی تاراوگە بەسەردەکاتەوە و وەک خۆی دەڵێت: دەیەوێت لەڕێگەی بەرنامەکەیەوە مروارییە شاراوەکانی تاراوگە بە خەڵک ئاشنا بکاتەوە.



ئەمەل سەعید کوردە یەکێکە لە گۆرانیبێژەکانی باشووری کوردستان کە توانیویەتی لە ساڵانی ڕابردوودا بە دەنگە خۆشەکەی گوێگرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و ناوبانگێکی باش بە تایبەت بە وتنی گۆرانی (دەریا) بۆ خۆی تۆمار بکات، ئەو هونەرمەندە لەسەر دۆخی هونەری کوردیی و بەرنامەکەی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

ئەمەل سەعید کوردە لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری کەرکوک لە دایکبووە  و سێ خوشک و سێ برای هەیە و لە تەمەنی دە ساڵەیدا هاتوونەتە شاری سلێمانی و قۆناغەکانی خوێندن و پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەر لە سلێمانی تەواو کردووە، لە ۱۷ ساڵیدا وەک دەنگ خۆش دەرکەوتووە و دواتر ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە کە بەرهەمەکەی دوو کچە بە ناوەکانی پرژە و کاژە.

ئەم هونەرمەندە ژنە ده‌ستپێکی کارە هونه‌رییەکانی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌کانی سلێمانی بووە کە دواتر لە په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌کانی سلێمانی به‌شی موزیک دەبێتە خوێندکار، له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری کارو چالاکی و فێستیڤاڵه‌کانی په‌یمانگا، یادی ئه‌نفال ڕاپه‌ڕین و بۆنه‌کانی وه‌ک نه‌ورۆزو ٨ی مارس، بەشداری کردووە و توانیویەتی‌ چالاکانه‌ به‌رده‌وامی به‌ هونه‌ره‌که‌ی بدات و دواتر ساڵی ٢٠٠٤ ڕووی لە دەرەوەی وڵات کردووە.

ئەمەل سەعید کوردە لە یەکێک لە زانکۆکانی بەریتانیا بەکالۆریۆسی لە گۆرانی و شێوازە سەردەمییەکان بە دەستهێناوە و لە زۆرێک لە کارە هونەریی و کۆنسێرتەکانی باشوری کوردستان و وڵاتی هۆڵەندا، بەلجیکا، فیلەندا و بەریتانیا بەشداریکردووە.

زیاتر لە ۳٠ کاری هونەری و زیاد لە ۲٠ کلیپ و ئەلبومێکی هەشت تراکی، هەیە و یەکەمین گۆرانی بە ناوی سنوور ئارامبە یە و ئەو شێوازانەی کە کاری لەسەر دەکات پۆپ و فۆڵکلۆر و جازو بلوزە و شارەزایی لە بواری مۆسیقا و ژەنینی کەمانچە و پیانۆدا هەیە، گۆرانییەکانیشی هەڵگری بابەتی نەتەوایەتی و ئەوینداری و گەلێک بواری دیکەیە.

ژنە گۆرانیبێژ ئەمەل کوردە، لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە باسی لە سود وەرگرتن لە شێوازە دەرەکییەکانی وڵاتانی دراوسێ و بیانیی کرد و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەگەرچی سود وەرگرتن لەو شێوازانە ئەزمونن بەڵام نابێت ڕەسەنایەتی هونەرەکەمان تێکبدەن و وتی: "لە هەموو دونیادا گەر بمانەوێت هونەرەکەمان بپارێزین دەبێت بە وریاییەوە کار بکەین، بۆ نمونە شتێکی ڕۆژئاوایی تێکەڵ بکرێت ئاساییە، ئەویش بە مەرجی پاراستن، چونکە زۆرجار گۆرانیبێژێک دێت هەر لە جلوبەرگەکەیەوە بگرە تا ئاخاوتنی هەموو لە کوردی بوون دوورە بۆیە ئەمە ڕەسەنایەتی پێناوترێت بەڵکو و شێواندنە".

زیاتر قسەیکرد و وتی: هەڵەی کۆمەڵێک گەنجی تازە پێگەشتوو ئەوەیە کە هەر دەنگخۆشی بە هونەر دەبینێت و ئیدی پێوانەکانی دیکە لە بەرچاو ناگرێت بۆیە گەنجەکانمان دەبێت بەڕاستی خزمەت بە هونەر بکەن، چونکە هونەر سنووری نییە و دەبێت بۆ هەموو بوارەکان بێت، کە سەرەکیترین شت ئەوەیە پەیامیان لە دوای بەرهەمەکەوە بێت و خەڵک پەروەردە بکات.

هەروەها رەخنەی لە ڕاگەیاندنەکان کرد کە ئێمە گۆرانیبێژ و هونەرمەندی زۆر تایبەت و جوانمان هەیە، بەڵام ڕاگەیاندنەکان تاوانبارن بەوەی کە هەندێک دێننە سەر شاشە و گەورەیان دەکات لە سەر شاشە، لە کاتێکدا ڕاگەیاندن ئەرکی ئەوەیە کە کەسە ناوازەکان بانگهێشت بکات.

ئەمەل کورد سەعید، لە ئێستادا لە وڵاتی بەریتانیا پێشکەشکاری بەرنامەیەکە بە ناوی مروارییەکانی غوربەت، کە لە ماڵەکەی خۆیدا کاری ئامادەکردن و پێشکەش کردن و هەموو پڕۆگرامەکان دەکات و بەگشتی ئەو ئەرکە لە سەر شانی خۆیەتی، ئەویش بە ئامانجی یادکردنەوەی هونەرمەندان لە غوربەت، ئەمەل دەربارەی ئەم کارەی وتی: "بە هاوکاری هاوسەرەکەم ئەو بەرنامەیە پێشکەش دەکەم و لە یوتوب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی دەکەمەوە، کە بە گشتی ئامانجم ئەوەیە ئەو هونەرمەندە مروارییە شاراوانەی تاراوگە دووبارە بە خەڵک ئاشنا بکەمەوە و لە ماڵەکەی خۆمدا ئەم ئەرکەم بە جێهێناوە، ئەگەرچی ئەمجارە لە سەردانم بۆ باشوری کوردستان داوام لە چەند کەناڵیک کردووە کە هاوکاریم بکەن و ببنە سپۆنسەر بەڵام بە هۆی کەمی بودجەوە نەیانتوانیوە ببنە سپۆنسەر".

ک.س