ئەڤین و ئەڤینداریی بۆ فۆتۆگرافیی

خولیای بۆ هونەری فۆتۆگرافیی، ئەڤین لە کۆلێژی بازرگانییەوە پەلکێشی کاری فۆتۆگرافیی دەکات و ئێستا هەم فۆتۆگرافەر و هەم ڤیدیۆگرافێکی ناسراو و سەرکەوتووە.


ئەڤین ناسر، تەمەن ٢٥ ساڵ و دەرچووی کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانییە، بەهۆی خولیای زۆری بۆ کاری فۆتۆگرافیی، هەر لە زانکۆوە بە مۆبایلەکەی دەستی بە تۆمارکردنی فۆتۆی سەرنجڕاکێش کردووە و شەش ساڵە لە کارەکەی بەردەوامە.

ئەڤین، لە سەرەتادا کامێرای نەبووە، هەر بۆیە لەڕێگای مۆبایلەکەیەوە فۆتۆکان تۆمار دەکات و لەگەڵ چەند ماڵپەڕێکی بیانییدا پەیوەندیی دروست دەکات، تاکو فۆتۆکانی بۆ بڵاوبکەوە، هەرچەندە فۆتۆکانی جێگای سەرنجی ئەو ماڵپەڕانە دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بە کامێرا تۆمار نەدەکران، نەیاندەتوانی بەشداریی لە پێشانگاکاندا پێ بکەن.

ئەڤین هەوڵی زیاتر خۆ پێشخستن دەدات و دەیەوێت پێشانگایەک بکاتەوە، بۆیە لە قۆناغی دووەمی زانکۆ کامێرایەک لە هاوڕێکەی بە ئەمانەت وەردەگرێت و کۆمەڵێک وێنەی سەرنجڕاکێشی پێ دەگرێت و هەر لە زانکۆ یەکەمین پێشانگای بەناوی "وەرینی نەریتەکان"پێ دەکاتەوە، کە تایبەت دەبێت بە دۆخی ژنان.

لەو پێشانگایەدا ئەڤین جوار لە فۆتۆکانی دەفرۆشێت، ئەمە زۆر دڵخۆشی دەکات و هانی دەدات بۆ کاری زیاتر، هەربۆیە کامێرایەک دەکڕێت و لەگەڵ چەندین میدیای ناخۆیی پەیوەندیی دروست دەکات و وێنەکانی لە ماڵپەڕ و گۆڤارەکاندا بڵاودەکاتەوە.

ئەڤین ئێستا کاری فۆتۆگرافیی و ڤیدیۆ گرافیی دەکات و جگە لەو کۆمپانیا و دەزگایانەی کاریان بۆ دەکات، فۆتۆی کەسیی-ش تۆمار دەکات.

ئەڤین بۆ فۆتۆگرتن دەیەوێت بچێتە ناو سروشت و لە چاوی کامێراکەیەوە جوانییەکانی سروشت و ژیان پیشان بدات.

وەک هەر ژنێکی دیکە، کە دەست بۆ کارێکی جیاواز لە چاوی کۆمەڵگا دەبات، ئەڤینیش ئاستەنگیی توشبووە و ئەگەر بە ناڕاستەوخۆش بووبێت، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، کە گوایە ئەوە کاری ژنان نییە، بەڵام ئەو تێڕوانینە ئەڤین لە هونەرەکەی دوورناخاتەوە و وەک خۆی دەڵێت"لە کۆتاییدا بۆ بڕیاردانی هەر کارێک باشترین کەس، کە ڕاوێژی پێبکەیت خۆتیت، نەک قسەی خەڵک و دەوروبەر".

ش.ف