بازاڕی جلی کوردی لە سلێمانی گەرم دەبێت

 بەرەو بەهارو نەورۆز دەڕۆین، وەک هەمیشە بازاڕی جلی کورد لە شارەکانی هەرێم گەرم بووە، ئەمساڵ خواست لەسەر جلی کوردی زیاترە و خەڵکی خۆی بۆ جەژن و بۆنە نەتەوەییەکان ئامادە دەکات.


ئەگەر بۆ جارێکیش ڕێت بکەوێتە بازاڕی جلی کوردی لە شاری سلێمانی، بۆ هەمیشە لە یادەوەریتدا دەمێنێتەوە، بەجۆرێک ڕازێنراوەتەوە کە یەکسەر شەیدای جلوبەرگی کوردی دەبیت، بۆ ئەمساڵیش جلە نەخشدارەکان خواستی زۆریان لەسەرە.

خۆشبوونی کەشوهەواو شکانی شەپۆلی سەرماو بەفری چەند ڕۆژی ڕابردوو، تاڕادەیەک جموجۆڵ و قەرەباڵخی زیاتری بە بازاڕ بەخشیوە، بەتایبەت بازاڕی جلوبەرگی کوردی کە ئێستا جمەی دێت لە کڕیارانی ژن و پیاو، کە خۆیان بۆ وەرزی بەهارو نەورۆز ئامادە دەکەن.

هەمووان دەیانەوێت جلە کوردییەکانیان هەرچی زووترە لەلای بەرگ دوورەکان تەواوبێت، بەخت یاوەری ئەو کەسانەیە کە پێش هاتنی نەورۆز دوورینی جلە کوردییەکەیان تەواو دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاری بەرگدوورەکان تا دێت لەم وەرزەدا قورستر دەبێت.

فشاری کڕیارەکان و زیادبوونی خواستی جۆراوجۆر لە دوورینی جلوبەرگەکان، کێشەیەکی بەردەوامی جل دوورەکانە، بۆ ئەمساڵیش مۆدێلی جلی دێرین و سادە خواستی زۆری لەسەرەو ئەو قوماشانە زیاتر برەویان هەیە کە چنین و نەخشی دەستکردیان لەسەرە.

ساڵ بەساڵ دوورینی جلی کوردی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە تایبەت جلوبەرگی ژنان و تاڕادەیەک قورستر دەبێت، لە سلێمانیش بۆ ئەمساڵ بە تەنها جل دوورەکان جلەکان نادوورن، بەڵکو کاری ئەو خانمە دەستڕەنگینانەش تێکەڵ بە ئیشەکە دەبێت کە لە ماڵەوە کاری چنین دەکەن و نەخشەکان لەسەر قوماشەکان دەنەخشێنن.

جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، فرۆشیارانی قوماشی کوردی و جل دوورەکانیش باس لەوە دەکەن، ئەمساڵ خواست لەسەر دوورینی کوردی پەتی و ستایلی کۆن خواستی زیاتری لەسەرە، بەشێکیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە خەڵکی نایانەوێت چیتر ئەو ڕەسەنایەتییەی کە بە شتە کلتوریەکانی ترەوە نەماوە، بە جلوبەرگی کوردیشەوە نەمێنێت و لەدەستی بدات.

ئومێد حەسەن، فرۆشیارێکی جلی کوردی ژنانە، باس لەوە دەکات زیاتر لە ساڵێک دەبێت ژنان حەزیان لە قوماشی پولەکەو چەند مۆدێلێکی دیکەیە کە لە ساڵانی هەشتاکاندا برەوی هەبووە، وتیشی سەدان ژنی دەستڕەنگین بەهۆی زۆربوونی خواست لەسەر چنین و نەخش لەسەر قوماشی جلی کوردی لە ماڵەکانیان ئیشیان دەستکەوتووە و داهاتێکی باشیان بەوبۆنەیەوە دەستدەکەوێت.

کەریم حەسەن، فرۆشیاری خشڵ و مورو پێداویستی جلی کوردییە لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و دەڵێت، زۆربەی ژنان حەزیان بە جلوبەرگی ئاڵوواڵاو ڕازاوەیە، پێشیوایە خشڵ و مورو بە جلە کوردییەکانی جارانەوە هەبووە و بووەتە مۆرکی جلی کوردی.

هێرش حەمید بەرگدرووری جلی ژنانەیەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ئەمساڵ زیاتر مۆدێلی سەڵتە و کراسی سەتەنە و ژنان زیاتر داوای دەکەن.

دالیا جەمال، دانیشتووی سلێمانییە و بۆ کڕینی جلوبەرگی کوردی هاتبوویە بازاڕ، ئەو زیاتر ڕەخنەی لە دوورینی جلوبەرگی کوردی کورد گرت، کە چەند ساڵێکە هەرکەسە و بە جۆرێک دەدیدورێت، بەڵام خۆشحاڵە کە ئەمساڵ دەبیستێ مۆدێلی جلی کوردی سادە خواستی لەسەرە.

بەکر محەمەد فرۆشیاری جلوبەرگی کوردی پیاوانە و دەڵێت، ئەو قوماشانەی کە هاوەردە دەکرێن، لە چین و هندستان و ئێرانەوە دێن، وتیشی، زیاتر پیاوان حەزیان لە ڕەنگە تۆخەکان هەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕەنگی مارۆنی خواستێکی زۆری لەسەرە.

حەمە ڕەئوف هەورامی جل دووری پیاوانە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات جلی کوردی پیاوان چەند جۆرێکی هەیە و شێوازەکانی دیاریکراون، بەڵام ئێستا خواست لەسەر شێوازی ستارخانی کەمبووەتەوە، چونکە دوورینی قورسە و تێچووی زۆرە.

بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە، لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بازاڕی جلوبەرگی کوردی تاڕادەیەک کزبوو، ئەمساڵ دۆخی دارایی خەڵک کەمێک باشترە لە ڕابردوو، هەروەها مەترسی شەڕو دۆخی ئەمنیش کەمبووەتەوە، ئەوەش بە ئاشکرا بە بازاڕ و ڕووی خەڵکییەوە هەست پێدەکرێت.

س.ح