بازاڕی مۆسیقاکان بەشێکە لە جوانییەکانی سلێمانی

بازاڕی مۆسیقاکان یاخود بازاڕی هونەرمەندان، بەشێکە لە جوانییەکانی شاری سلێمانی، کە نەک تەنیا ئامێری جرۆراوجۆری لە خۆ گرتووە، بەڵکوو بووەتە دیوەخانێک بۆ لە میوانانی ناوخۆ و دەرەوە.


بازاڕی مەجید بەگ، پێکهاتوو لە گوزەرێک کە نزیک ۱۰ـ۱٥ دوکانی فرۆشتنی ئامێری مۆسیقا بە هەموو جۆرەکانیەوە، کە دەکەوێتە شەقامی پێرەمێرد و سەروو بەر دەرکی سەرا لە شاری سلێمانی، کە لە تەنها دوکانێکەوە لە لایەن دوو براوە دەستیپێکردووە.

بە تێپەڕبوون بە شەقامی پیرەمێرد دا و بە ورد بوونەوە لە شەقامەکە، ئەگەرچی ڕێڕەوێکی بچوکیشی هەبێت، بەڵام لەشارەکەدا بازاڕەکە بە تەواویی ناسراوە و لەگەڵ چوونە ژوورەوەدا دەیان جۆری ئامێری میوزیک بەدی دەکەیت، ئەو ئامێرانە بە شێوەیەکی زۆر جوان تێکەڵاو بە دەنگە ڕەسەنەکانی محەمەدی ماملێ، مەزهەری خالقی و عەدنان کەریم و دەیان هونەرمەندیتر بوون، ئەوانەش پەلکێشمان دەکەن و حەزی گوێگرتن و تێڕامان و ژەنین لە لامان دەخوڵقێنن.

دەیان جۆر ئامێری میوزیک لە بازاڕەکەدا هەن، لە نمونەی 'دەف، کەمانچە، ڤیۆلۆن، نەی، تار، سێتار'ن.

ئەم بازاڕە نەک تەنیا بە جوانیی ئامێرەکان ئاوێتە بووە، بەڵکو لەگەڵ بەهرەمەندی فرۆشیارەکانیش یەکانگیربووە، واتە خاوەن دوکانەکان تەنیا فرۆشیارێک نین، هەریەکەیان ژەنیارێکی بەتوانان و لە ڕابردوەوە تا ئێستا لە زۆرێک لە گروپەهونەریەکاندا بەشدارییان هەبووە، هەربۆیە زۆرکات بازاڕی هونەرمەندانیشی پێ دەوترێت.

ئاری فەوزی `ژەنیارى کیبۆرد و یەکێک لە دوکاندارانی ئەو شوێنەیە، ئەو خۆی دەڵێت، کە لەگەڵ براکەیدا بۆ یەکەمین جار دوکانی ئامێرەکانی میوزیکیان لە بازاڕەکەدا داناوە، ئاری لەسەر بازاڕەکە بۆ ڕۆژنیوز دواو، وتی "لێرە تەنها کورد سەردانمان ناکات، بەڵکوهاوڵاتی عەرەب، تورک، فارس و ئینگلیزیش سەردانمان دەکەن.

بە وتەی ئاری ئەو بیانیانەی دەچنە ئەو بازاڕە، زیاتر ژەنیارانن، هەربۆیە ئەگەر کەمیش بێت ئامێرەکان دەژەنن و کاتێکی خۆش بەسەر دەبەن.

گوزەری مۆسیقاکان دەکرێت بە یەکێک لە شوێنە جوانەکانی سلێمانی دابنرێت، چونکە بە بەردەوامیی هونەر و هونەرمەندانی تێدان، ئەوانیش بە سامانێکی وڵات هەژمار دەکرێن.

س.ح