باوەنور، گروپێک خۆبەخشانە پەرە بە توانا هونەرییەکانی گەنجان دەدەن

لە شارەدێی باوەنور، مامۆستایەکی هونەر هەستاوە بە کۆکردنەوەی هونەرمەندان و خۆبەخشانە گروپێکی هونەری بەناوی نەوا پێکهێناوە و جگە لە کار و چالاکییە هونەرییەکانیان، خولێکی فێرکردنی دەف و ئامێرە ڕیتمییەکانیان بۆ گەنجان کردۆتەوە، فێرخوازان خولەکە بە هەوڵێکی گرنگ وەسف دەکەن بۆ برەودان بە توانا و بەهرە هونەرییەکانیان.


لە شارەدێی باوەنوری سەر بە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی ڕۆشنبیری و هونەری چالاک، کە گەنجان ڕووی لێبکەن و برەو بە توانا و بەهرەکانیان بدەن، گرووپێک لە گەنجانی هونەرمەندی شارەدێکە بە سەرپەرشتی مامۆستایەکی هونەر خۆبەخشانە گرووپی نەوای باوەنوریان پێکهێناوە و بەشداری کار و چالاکییە هونەرییەکان دەکەن، لە ئێستاشدا لەسەر داواکاری فێرخوازانی شارەدێکە خولێکی فێربوونی دەف و ئامێرە ڕیتمییەکانیان کردۆتەوە و زیاتر لە ۲۰ فێرخواز سودمەند دەبن.

نامدار محەمەد، سەرپەرشتیاری گروپی نەوای باوەنور و خولەکە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: دوای ئەوەی لەلایەن گەنجانی باوەنورەوە داوامان لێکرا کە خولێکی هونەری دەفیان بۆ بکەینەوە، وەکوو سەرپەرشتیاری خولەکە و گروپی هونەری نەوای باوەنور خۆبەخشانە، لە سۆنگەی دڵسۆزیمان و برەودان بە تواناکانی گەنجان خولێکی فێربوونی دەف و ئالەتە ڕیتمییەکانمان بۆکردنەوە، لە ئێستادا زیاتر لە ۲۰ فێرخوازمان هەیە و ڕۆژبەڕۆژ بە جۆش و خرۆشی زیاترەوە ڕوو لە خولەکە دەکەن و ژمارەیان لە زیادبووندایە.

ئاماژەی بەوەشدا: ڕوویدەممان دەکەینە بەێوبەڕایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان کە چیتر باوەنور و گەنجانی پەراوێزنەکرێت و نەخرێتە دەرەوەی چالاکی پرۆژە ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی، چونکە لە ئێستادا باوەنور خاوەنی بینایەکی ڕۆشنبیری مۆدێرنە و دەتوانرێت هەموو کارو چالاکییەکی تیا ئەنجامبدرێت.

 

یەکێک لە فێرخوازانی خولەکەش بە ناوی سەیوان مەحمود، قسەیکرد دوای ئەوەی سوپاسی مامۆستا و ڕێکخەرانی خولەکەی کرد باسی لە گرنگییەکانی خولەکەش کرد و وتی: خولەکە هەوڵێکە بۆ بەرەو پێشبردنی توانا و بەهرەی گەنجانی شارەدێکە لە بواری هونەردا، ئەم خولە یەکەم هەوڵ و دەرفەتە بەڕووی گەنجاندا لە شارەدێکەدا کە بە شێوازێکی خۆبەخشانەیە.

دەف لە سەردەمانی کۆنەوە لە کوردستاندا ژەنراوە، شوێنکەوتووانی ئاینی یارسان و ھەروەھا موسڵمانانی شوێنکەوتووی ڕێبازی قادریی لەمێژە لە كۆڕی زیكردا دەفیان بەکارھێناوە، لە مەراسیمە ئاینییەکانی وەک مەولودنامەکان و کۆڕی زیکردا بەکاریدەهێنرێت، هەروەها لە جەژنی پیرشالیاریشدا ژەنینی دەف بەشێکە لە مەراسیمی جەژنەكە، بۆیە دەف جێگەیەکی تایبەتی لە هونەری کوردەواریدا ھەیە و لەگەڵ ئامێری تەمبوردا بە ئامێرێكی ڕەسەنی کوردیی دادەنرێن.

ک.س