بایکۆت گەیشتە عێراق

هەڵمەتێکی پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەکان لە شاری ناسریە بەڕێوە دەچێت و بەو شێوەیە پریشکی بایکۆتی کاڵای بیانی لە باشوری کوردستانەوە، دەگاتە باشوری عێراق.


ئەمڕۆ خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی 'حبوبی' شاری ناسریەی ناوەندی پارێزگای زیقار هەڵمەتێکیان بۆ پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەکانی عێراق دەستپێکرد، هەڵمەتەکە پشتیوانی لە بەرهەمە ناوخۆییەکان دەکات و داوای بایکۆتی کاڵا بیانییەکان دەکات.

لە گۆڕەپانەکەدا هەندێک پانکارد هەڵواسراون کە وێنەی کاڵا عێراقییەکانی پێوەیە و هەروەها بەرهەمە ناوخۆییەکانی عێراق و شتومەکی خوراکی عێراقی تێدا نمایش کراوە.

جگە لەمە، لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، چەندین کەمپەین بۆ پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆیی و نیشتمانیی عێراقی، دەستیپێکردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، کە دوابەدوای هێرشە داگیرکارانەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هەڵمەتێکی بایکۆتی کاڵا تورکییەکان بە دەستپێشخەری چالاکوانان و خەڵک، لە باشوری دەستیپێکردووە و تادێت بەرفراوانتر دەبێت.

س.ح